نەوزاد پۆڵس: بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی دژی پێکهاتەکان زۆر گاڵتەجاڕانەیە

K24 - هەولێر
سەرۆکی دەزگای سورایا ڕایگەیاند، بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی زۆر گاڵتەجاڕانەیە، کارەکەی بووە بە دانیشتن بۆ بڕیاردان لە دژی قەوارەی هەرێمی کوردستان و مافی پێکهاتەکان.
ئەمڕۆ دووشەممە، 18ـی ئاداری 2024، نەوزاد پۆڵس، سەرۆکی دەزگای سورایا، لە میانەی گەشتێکی هەواڵیی کوردستان24 ڕایگەیاند: ئێمە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا هەڵوێستی خۆمان دژی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵ ڕاگەیاند، هەروەها حزبە سیاسییەکانی کوردستان، بە کلدان و ئاشووری و ئەرمەنەوە لەبەر بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی، بایکۆتی هەڵبژاردنەکانیان کرد.
بەگوتەی ئەو:"ئەو مافانەی کە کرستیانەکان هەیان بوو لە ساڵی 1992 هەرێمی کوردستان، وەک کریستیان پێنج کورسیمان هەبوو، کە یەکەم ئەزموون بوو لە ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو بۆ ئێمەی کریستیان، بەڵام بەداخەوە کاری دادگای فیدراڵی نازانم چییە و بۆچی دانراوە؟ ئەگەر بابەتی دەستووری بێت یاخود نا دەستووری بێت، ئێمە زۆر مافی دەستووریمان هەیە کە دەبێت بپارێزرێت، وەک ماددەی 15، 16، 17، بابەتی دووبارە تێهەڵچوونەوە بۆ بڕیارەکان سەبارەت بە پێکهاتەکان و کەمە نەتەوەییەکان".
ئەو دەشڵێت: "ماددەیەکی گرنگیی دەستووری عیراقی هەیە ئەویش ماددەی 125یە، کە دووپات دەکاتەوە لەسەر پاراستنی مافی پێکهاتەکان لە بواری ڕۆشنبیری، سیاسی و هەروەها ئیداری".
نەوزاد پۆڵس گوتیشی: "کۆتا بڕیارەکانی دادگای فیدراڵ دژی ئەو ماددانە بوو، هەر بۆیە ئێمە زۆر هەوڵماندا لەگەڵ دادگای فیدراڵ کە پێداچوونەوە و تێهەڵچوون بکات، بەڵام بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی زۆر گاڵتەجاڕانەیە، چونکە تەنیا دانیشتووە بۆ بڕیاردان دژی قەوارەی هەرێمی کوردستان و مافی پێکهاتەکان؛ بە تایبەت بابەتی پێکهاتەکان کە زۆر گرنگە بۆ عێراقێکی نوێ و دیموکراتی و مەدەنی کە هەموو پێکهاتەکان بەشدارن لە پێکهێنانی عێراق، بەڵام ئایا بەشدارینەکردنی پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان هۆکەی چییە، کە بڕیاری دا لە دژی مافەکانی کلدان، ئاشوور، ئەرمەن، تورکمان؟.
رۆژی 21ـی شوباتی 2024، بەپێی کارنامەی ڕاگەیەندراوی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق، دادگاکە بۆ جاری 12یەم لەبارەی سکاڵای دژی کورسی پێکهاتەکان یاسایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کۆبۆیەوە.
دانیشتنەکەی دادگای فیدراڵی عێراق لەسەر کورسی پێکهاتەکانە لەگەڵ سکاڵایەکی دیکە لەسەر هەڵوەشاندنەوەی بڕیارێکی رژێمی بەعس بەژمارەی (949) ساڵی 1977 تۆمارکراوە دادەنیشێت.
ئەوسکاڵایەی کە 10 مانگ لەمەوبەر و لە نیسانی ساڵی 2023دا تۆمارکراوە، بەڵام دوای 12 دانیشتن دادگای فیدراڵی پرسەکەی یەکلا کردەوە.
ئەو ماددانەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە سکاڵایان لەسەر تۆمار کراوە:
ماددەی یەکەم (1): پەرلەمانی کوردستان – عێراق لە (111) سەد و یازدە ئەندام پێک دێت.
ماددەی نۆیەم (9): هەرێمی کوردستان – عێراق بە یەک ناوچەی دەنگدان دادەندرێت و بەسەر چەند ناوەندێکی دەنگداندا دابەش دەکریت.
ماددەی پازدەم (15): بۆ هەرێمی کوردستان، خشتە بەناوی دەنگدەران بۆ دەنگدان، بەپێی ناوەندەکانی هەڵبژاردن ئامادە دەکرێن و بە ریزبەندی پیتە ئەبجەدییەکان ڕێک دەخرێن کە پیشە و ناونیشانیان و بەروار و جێگەی لەدایکبوونیان تێدا تۆمارکراوە. ئەگەر لە توانادا نەبوو ئەوە بکرێت، ئەو کاتە دەستەی باڵا بۆی هەیە ڕێگەیەکی دیکەی لەبارتر بۆ وەدی هێنانی مەبەستی پێویست دیاری بکات.
ماددەی بیست و دووەم (22)
1 . هەر کیانێکی سیاسی لە هەرێمی کوردستان – عێراقدا بۆی هەیە لیستێکی تایبەت بە ناوی پالێوراوەکانی خۆی لەسەر ئاستی کوردستان – عێراق بکات کە رێژەیەکی ئافرەتی تێیدا بێت لە سەدا 30 کەمتر نەبێت و، ناوی پالێوراوەکانیش بە شێوەیەک ڕیزبەند کرابن کە نواندنی ڕێژەی ناوبراوی ئافرەتان لە پەرلەماندا گەرەنتی بکات. بە مەرجێک ژمارەی پاڵێوراوەکان لە هەر لیستێکی هەڵبژاردندا لە سێ پالێوراو کەمتر نەبن.
2. لیستی پاڵێوراوەکان لە ماوەی (15) ڕۆژدا لە ڕێککەوتی ڕاگەیاندنی وادەی هەڵبژاردن پێشکەش بە سەرۆکی دەستەی باڵا دەکرێت و هەموو بەڵگەنامەیەکی پێوە دەلکێندرێت کە لە ماددەی 21ـدا داوا کراون.
ماددەی سی و شەشەم (36)
1. پێنج کورسی بۆ کلدان، سریان و ئاشووری تەرخاندەکرێت. پاڵێوراوانی ئەو پێکهاتەیە کێبڕکێیان لەسەر دەکەن.
2. پێنج کورسی بۆ تورکمان تەرخان دەکرێن و پاڵێوراوانی ئەو پێکهاتەیە کێبڕکێیان لەسەر دەکەن.
3. یەک کورسی بۆ ئەرمەن تەرخان دەکرێت و كاندیدهكانى ئەو پێکهاتەیە کێبڕکێی لەسەر دەکەن.