رۆمانۆوسکی: هیچ وڵاتێکی ناوچەکە ناتوانێت ببێتە جێگرەوەی ئەمەریکا بۆ عێراق

K24 - هەولێر
باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق دەڵێت، هەڕەشەی داعش هێشتا لەسەر عێراق و سووریا ماوە و ئەوان پابەندن بە ئاسایش و سەقامگیری و سەرەوەریی عێراق. ئاماژە بەوەش دەدات: "هیچ وڵاتێکی ناوچەکە ناتوانێت ببێتە جێگرەوەی ئەمەریکا بۆ عێراق".
ئەلینا ڕۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمهریكا لە عێراق لە گوتارێکدا کە بە هەردوو زمانی کوردی و ئینگلیزی بۆ کوردستان24ـی ناردووە و ئاماژەی بە هاوبەشیی ستراتیژیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و عێراق کردووە، دەڵێت: "ئێمە پابەندین بە ئاسایش و سەقامگیری و سەرەوەریی عێراق و شان بەشان وەستاین لەگەڵ هاوبەشە عێراقییەکانمان بۆ ڕزگارکردنی عێراق لە بەڵای داعش. پاش تێپەڕبوونی دە ساڵ بەسەر دەرکەوتنی داعش و پێنج ساڵ بەسەر شکستی مەیدانی داعش، پێویستە بەرچاو ڕوون بین سەبارەت بەوەی هەڕەشەی داعش هێشتا لەسەر عێراق ماوە – لە ناو عێراق و لە سوریاوە".
ڕۆمانۆوسکی ئەوەشی خستووە ڕوو، "دەمانەوێت هێزەکانی ئاسایشی عێراق توانای پێویستیان هەبێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەکانی ئایندە، لەبەرئەوە لە ساڵی 2012ەوە، کۆنگرێسی ئەمەریکا زیاتر لە 3.5 ملیار دۆلاری تەرخانکردوە بۆ بونیاتنانەوەی هێزەکانی ئاسایشی عێراق. ئەمریکا پێداویستییە گرنگەکانی وەکو چەکی پێشکەوتووی فڕۆکەی ئێف 16 و زرێپۆشی جەنگی ئەبرامز و هەروەها ڕاهێنانی پیشەیی بۆ بەهێزکردنی هێزەکانی ئاسایشی عێراق پێشکەش دەکات بۆ ئەوەی نوێنەرایەتی کۆمەڵگەی فرەچەشنی عێراق بکەن و وەڵامدەرەوەی حکومەتی خاوەن سەروەری عێراق بن و بتوانن بەرگری بکەن لە عێراق و ڕۆڵی عێراق لە بەدیهێنانی سەقامگیری لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا."
ئەمەریکا وەکو ئەوەی ڕۆمانۆوسکی باسی کردووە، "هێشتا گەورەترین کۆمەکبەخش و پاڵپشتی عێراقە. لە ماوەی 20 ساڵی ڕابردوو، ئاژانسی ئەمەریکا بۆ هاوکاری نێودەوڵەتی (USAID) زیاتر لە 11 ملیار دۆلاری وەک کۆمەکی گەشەپێدان بۆ باشترکردنی کۆمەڵگەکان پێشکەش کردووە. ئەمە هاوکاری عێراقییەکان بووە بۆ دامەزراندنی سەدان بزنس و دروستکردنی هەزاران هەلی کار و بونیاتنانی 150 قوتابخانەی نوێ و 25 بنکەی خزمەتگوزاری تەندروستی و 130 پرۆژەی ئاو".
لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەدا هاتووە: "لە ساڵی 2014ەوە زیاتر لە 3.6 ملیار دۆلاری ئەمەریکیمان دابینکردوە بۆ پاڵپشتیکردنی ئاوارە عێراقییەکان و پەنابەرانی کەمدەرامەت لە بوارەکانی چاودێری تەندروستی و دەرمان و ئاوی پاکی خواردنەوە و ئاوەڕۆی باشتر. لە ساڵی 2017ەوە وەبەرهێنانمان بە بڕی157 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی لە پرۆژەکان کردوە بە سەرپەشتی عێراقییەکان بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوە بۆ زیاتر لە 12 ملیۆن عێراقی".
وەکو ئەوەی باڵیۆزی ئەمەریکا ئاماژەی پێ داوە: "وڵاتانی دیکە لە دەرگای عێراق دەدەن و بانگەشەی جێگرەوە دەخەنە ڕوو بۆ ئەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هاوبەشانمان پێشکەشی دەکەن، بەڵام وەک باڵیۆزی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە عێراق، من نابینم هیچ یەکێکیان ئەوەندەی کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەموو ڕۆژێک پێشکەشی خەڵکی عێراق دەکات ئەوان پێشکەشی بکەن. هەروەها هیچ یەکێکیان ناتوانن هاوبەشییەکی هاوتای ڕاستەقینە و یەکسان پێشکەش بکەن کە عێراق ببەستێتەوە بە جیهان و گەشەسەندنی عێراق بەهێز بکات. ئێمە پردی پەیوەندی لەنێوان خەڵکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و خەڵکی عێراق دروست دەکەین کە بۆ چەندین نەوە بەردەوام دەبێت".
ڕۆمانۆوسکی ئەوەشی خستووەتە ڕوو، "ئێمە پاڵپشتی بانکی ناوەندییمان کردووە لە فراوانکردنی ژمارەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ بانکە نێوەندەکان، کە دەستکەوتێکی گەورەیە بۆ عێراق لە بواری ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی بازرگانی نێودەوڵەتی و ئەنجامدانی بازرگانی بەشێوەیەکی پارێزراو بە دۆلاری ئەمەریکی. لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا کۆی پارەی هەڵگیراو لە بانکە بازرگانییەکانی عێراق بەڕێژەی 40 لەسەد بەرزبووەتەوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ متمانەی بەکاربەر بە دامەزراوە بانکییەکانی عێراق، لە کاتێکدا کە پێکەوە کاردەکەین بۆ زیادکردنی شەفافییەت و بنبڕکردنی گەندەڵی و دزی و بەستنەوەی کەرتی بانکی عێراق بە ئابووری کێبڕکێکاریی جیهانی".