نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان: لە ساڵی 2023دا لانیکەم 834 کەس له ئێران لە سێدارە دراون
K24 - هەولێر:
قەبارەی پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران رووبەڕووی رەخنەی توندیی نەتەوەیەکگرتووەکان بووه‌ته‌وه و لە ساڵی 2023دا لانیکەم 834 کەس له ئێران لە سێدارە دراون.
به گوێره‌ی زانیارییه‌كانی ئاژانسی هه‌واڵی فرانس پرێس، ئه‌مڕۆ (دووشەممە 18ـی ئاداری 2024) چەند وڵاتێک لە کۆبوونەوەی نەتەوەیەکگرتووەکاندا رادەی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤیان لە ئێران شەرمەزار کرد و ئاماژەش بە زیادبوونی بەرچاوی سزای لەسێدارەدانیان لەو وڵاتە دا.
ئاژانسه‌كه ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ڕوو، هەندێک لە وڵاتان، لەوانەش رووسیا، چین و کوبا، لە میانەی دانیشتنەکانی ئەنجوومەنی مافی مرۆڤی سه‌ر به نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان، پشتیوانی‌یان لە تاران کرد.
جەواید رەحمان، راپۆرتدەری تایبەتی ئه‌نجوومه‌نی مافی مرۆڤی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان كه به ره‌گه‌ز پاكستانییه، سەبارەت بە دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران به ئاژانسی فرانس پرێسی راگه‌یاند، لە بەردەوام بوون و بەرزبوونەوەی رێژه‌ی لەسێدارەدان لە ئێران، زۆر نیگەرانم.
جەواید هه‌روه‌ها گوتی: "لە ساڵی 2023دا لانیکەم 834 کەس له ئێران لە سێدارە دراون، بە بەراورد بە ساڵی 2022 رێژەكه 43٪ زیادبووە".
چەند وڵاتێک هاوڕای بۆچوونەکانی جه‌واید بوون و داوایان لە ئێران کرد لانیکەم بڕیاری هەڵپەساردنی سزای لەسێدارەدان دەربکات.
جیرۆم بۆنافۆنت، باڵیۆزی فەرەنسا له نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له‌مباره‌یه‌وه به ئاژانسی فرانس پرێسی راگه‌یاند، فەرەنسا زۆر نیگەرانە لە زیادبوونی رێژه‌ی مەترسیداری سزای لەسێدارەدان لە ئێران.
ناوبراو هه‌روه‌ها گوتی: لە کۆی 24 ژن کە لە ساڵی 2022 لە سەرانسەری جیهان لە سێدارە دراون، شازده‌یان لە ئێران بوون و لە ساڵی 2023 لانیکەم 22 ژن لە ئێران لە سێدارەدراون کە بەرزترین ژمارەیە لەوەتەی ساڵی 2013ـەوە.
له‌مباره‌یه‌وه میشێل تایلۆر نوێنه‌ری هه‌میشه‌یی ئەمەریکا له ئه‌نجوومه‌نی مافی مرۆڤی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان رایگەیاند، ئێران بەردەوامە لە "تۆقاندن و زیندانیکردنی" چالاکوانانی مەدەنی و مافی مرۆڤ، رۆژنامەنووسان، پارێزەران، کەمینە ئایینییەکان، کەسایەتییە کولتوورییەکان و ناڕازییە سیاسییەکان.
تایلۆر هه‌روه‌ها گوتی: زۆرێک لە دەستگیرکراوەکان رایانگەیاندووە، دەسەڵاتداران ئەشکەنجەدان، توندوتیژی سێکسی و رەگەزی و هەڕەشەی توندوتیژی بەکاردەهێنن بۆ بەدەستهێنانی دانپێدانانەکان کە وەک بنەمایەک بۆ سزای لەسێدارەدان بەکارهێنراون.
لێدوانەکانی تایلۆر دەنگدانەوەی ئەو لێدوانانە بوون کە پێشتر لەلایەن کەسانی دیکەوە دەرکرابوون لەوانە یەکێتی ئەوروپا، بەریتانیا، وڵاتانی نۆردیک و باڵتیک و هەندێک لە وڵاتانی ئەمه‌ریکای باشوور وەک ئەرژەنتین.
بەڵام ئەم لێدوانەی واشنتۆن بووە هۆی کاردانەوەی نوێنەری تاران له نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان، سۆمەیە کەریمدووست.
کەریمدووست ئاماژەی بەوەکرد، "ئێمە زۆر نیگەرانین لەو دەربڕینە توندانه".
كه‌ریمدووست لە وەڵامی وتارەکەی جه‌واید رەحماندا گوتی: راپۆرتەکەی "نە راستی و نە پیشەیی" تێدا بەدی دەکرێت، چ جای دادپەروەرانە یان رەنگدانەوەی "پێشکەوتنی بەردەوامی ئێران لە پێشخستنی و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ"ـه‌وه بێت.
رووسیا، بێلاڕووس، ڤەنزوێلا، کوبا، کۆریای باکوور و سووریا پشتیوانی هاوبەشیان بۆ تاران دەربڕی، هەروەها چینیش رایگەیاند، دانانی ئەو جۆرە راپۆرتدەرە تایبەتانەی وڵاتان بەبێ رەزامەندی وڵاتانی پەیوەندیدار تەنیا دەبێتە هۆی "ڕووبەڕووبوونەوە و دژایەتی".