نەهرۆ عەبدوڵڵا: بەهۆی بۆردومانی فڕۆکەی تورکیاوە کارەبای بەشێک لەگوندەکانی بناری قەندیل پچڕاوە

K24 – رانیە:
لە ئەنجامی بۆردومانی فڕۆکەی تورکیا بۆ سەر پێگەکانی پەکەکە لە بناری قەندیل، کارەبای نیشتمانی بەشێک لە گوندەکانی ناوچەکە پچڕاوە و زیان بە رێگای هاتووچۆ گەیشتووە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە.
پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند: بەهۆی بۆردومانی فڕۆکەی تورکیا بۆ سەر بازگەیەکی کۆنی چەکدارانی پەکەکە لەسەر رێگای سەرەکی کورتەک لە بناری قەندیل، کارەبای بەشێک لەگوندەکانی بناری قەندیل پچڕاوە و هاتووچۆ لەو رێگایەوە داخراوە .
لەلایەن خۆیەوە، نەهرۆ عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری شارەدێی سەنگەسەر بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە بۆردومانەکە زیانی گیانی نەبووە بەڵام رێگای سەرەکی ناوچەکە زیانی پێگەیشتووە و بۆ ماوەیەک بووە هۆی داخشتنی رێگای هاتووچۆ، دواتر رێگاکەمان کردەوە.
بەڕێوەبەری شارەدێی سەنگەسەر ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئەنجامی بۆردومانەکە زیان بە تۆڕی کارەبای نیشتمانی گەیشتووە و کارەبای بەشێک لەگوندەکانی بناری قەندیل پچڕاوە.