گوته‌بێژی به‌رگری شارستانی دهۆك بۆ كوردستان24: هاووڵاتییه‌كی دیكه‌ به‌هۆی كاریگه‌رییه‌كانی لافاو گیانی له‌ده‌ست دا

K24 - هەولێر:

گوته‌بێژی به‌رگری شارستانی پارێزگای دهۆك ئه‌نجامی سه‌ره‌تایی زیانه‌ گیانیی و مادییه‌كانی لافاوه‌كه‌ی پارێزگای دهۆكی بۆ كوردستان24 ئاشكراكرد و گوتیشی: "هاووڵاتییه‌كی دیكه‌ی ته‌مه‌ن 15 ساڵ له‌ گه‌ڕه‌كی ڕه‌زای ئه‌و پارێزگایه‌ به‌هۆی لێدانی ته‌زووی كاره‌با گیانی له‌ده‌ست دا".

عه‌قید بێوار عه‌بدولعه‌زیز گوته‌بێژی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی به‌رگری شارستانی پارێزگای دهۆك به‌ كوردستان24ـی راگه‌یاند، به‌هۆی بارانی به‌خوڕ و لافاوه‌كه‌ی ئه‌مڕۆ لە سنووری پارێزگاكه‌، سێ كه‌س گیانییان له‌ده‌ست دا.

ئه‌و گوته‌بێژه‌ راشیگه‌یاند، زیاتر له‌ 150 خانوو و 50 ئۆتۆمبێل زیانیان پێگه‌یشتووه‌.

جه‌ختی له‌وه‌شكرده‌وه‌، 120 كه‌س له‌ مه‌ترسی ڕزگاركران و 11 كه‌سیش بریندار بوونه‌.

بەرەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، 19-03-2024، شەپۆلێکی بارانبارینی بەخوڕ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە.

کاریگەریی شەپۆلەکە زیاتر لەسەر پارێزگای دهۆک بووە. بەهۆی بارانەکەوە، لە چەند گەڕەکێکی شارەکە لافاو هەڵساو ئاو چووە ناو ژمارەیەک خانوو و بەشێک لە ڕێگاکانیش بەڕووی شۆفێراندا داخران.

هه‌ر ئه‌مڕۆ دوای بارانبارینی به‌خوڕ و هەستانی لافاو سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی داوای له‌ پارێزگاری دهۆك كرد ئەوەی پێویست بێت بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتییان بە زووترین کات بکرێت.

هه‌روه‌ها دكتۆر عه‌لی ته‌ته‌ر پارێزگاری دهۆک ئه‌مڕۆ ڕایگەیاند، بەهۆی بارانبارینی بەخوڕ و بە مەبەستی پاراستنی گیانی هاووڵاتییان، سبەی لە سەرتاسەری پاریزگای دهۆک پشووی فەرمی دەبێت.