پزیشکانی نێودەوڵەتی: ئەوەی لە غەززە ڕووی داوە تۆقێنەرە

K24 - هەولێر

پزیشکە بیانییەکان کە لە چوارچێوەی چالاکییەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان چوونەتە کەرتی غەززە ئاشکرایان کردووە، کەرتی تەندروستی لە ‌‌غەززە بە تەواوی پەکخراوە و جگە لەمەش هێڕشەکانی ئیسرائیل کارەساتێکی تۆقێنەریان دروست کردووە و داواش دەکەن، دەبێت ئیسرائیل لە جێبەجێکردنی پلانی هێڕشکردنە سەر ڕەفەح، ڕابگیرێت.

نیک ماینارد، پزیشکی نەشتەرگەری یەكێکە لەو چوار پزیشکە ئەمەریکی، بەریتانیی و فەرەنسییەی هاوشان لەگەڵ تیمەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوکاریی کەرتی تەندروستی چوونەتە غەززە  دەڵێ: تیماری منداڵێکی سووتاوی کردووە کە برینەکانی بە جۆرێک قووڵ بوون، ئێسکی ڕووخساری بەدەرەوە بووە.

ماینارد دووەم جارە دەچێتە غەززە، یەکەمجار لەگەڵ دامەزراوەی خێرخوازیی بەریتانی بۆ هاوکاریی تەندروستیی فەڵەستین لە مانگی یەکی ئەم ساڵ هاوکاریی بریندار و نەخۆشانی فەڵەستینی کردووە، لە بارەی ئەو منداڵە بریندارە لە میانی بەڕێوەچوونی کۆنفرانسی نەشتەرگەری شێرپەنجە لە نیویۆرک گوتی: ئێمە دەمانزانی ئیتر دەرفەتێک نەماوە بۆ ئەوەی بژیت، بەڵام هیچ دەرمانێکی ئازارشکێن و هێورکەرەوە نەبوو تا پێی بدەین، بۆیە بەشێکی زۆر لە بریندارەکان بە دەم ئازارەوە  دەمرن.

هەروەها زاهر سەحلوول، پسپۆری چاودێریی چڕ لە گرووپی (مید گڵۆباڵ) باس لە منداڵێکی دیکەی بریندار دەکات کە لە هێڕشێکی فڕۆکە جەنگییەکان بۆ سەر ماڵەکەیان باوک و برایەکی کوژرا بوون، دایکیشی بریندار بوو. سەحلوول دەڵێ: هیام ئەبو خزەیری حەوت ساڵان بە سووتاوی گەیەندرایە نەخۆشخانەی ئەوروپی لە غەززە، سووتاوییەکەی پلەی سێ بوو بە ڕێژەی %40، دوای چەند هەفتەیەک بۆ چارەکردنی گەیەندرایە میسر، بەڵام دوای دوو ڕۆژ لە گەیشتنی بەهۆی سەختی برینەکانییەوە مرد.

هەروەها نیک ماینارد هۆشداری داوە، ئەگەر سوپای ئیسرائیل هێڕشی زەمینی بکاتە سەر شاری ڕەفەح ، شەڕێکی خوێناوی ڕوودەدات و خەڵکێکی بێشومار دەبنە قوربانی، هەر بۆیە دەبێت ئیسرائیڵ ئەو پلانە ڕابگیرێت.

لە بارەی دۆخی مرۆیی و کەرتی تەندروستیی غەززە، پسپۆرانی نێودەوڵەتیی، سوپای ئیسرائیل بە کۆمەڵکوژی تۆمەتبار دەکەن و داواکارن دادگای تاوانی نێودەوڵەتی لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکان بکات. بەڵام ئیسرائیل ڕەتی دەکاتەوە لە ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانیدا هیچ تاوانێکی جەنگی کردبێت و ڕایگەیاندووە: لە هێڕشەکاندا تەنیا چەکداران و سەرانی حەماسیان کردووە ئامانج، بەڵام بزووتنەوەی حەماس خەڵکی سڤیل وەک قەڵغان و بەرگریی لە خۆی بەکار دەهێنێت.