مەشعان جبووری: سەرۆکی دادگای فیدراڵی هەڕەشەی لێم کرد بۆ ئەوەی لە هاوپەیمانییەتیی سێقۆڵی بکشێمەوە

مەشعان جبووری کەسایەتیی سیاسیی عێراق
مەشعان جبووری کەسایەتیی سیاسیی عێراق

K24 – هەولێر

مەشعان جبووری کەسایەتیی سیاسیی عێراق یەکەم جارە ئاشکرای دەکات، سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق هەڕەشەی لێسەندنەوەی پەرلەمانتاری لێکردووە و دەڵێ: دادوەر عمێری پێی گوتم ئەگەر لە هاوپەیمانییەتی سێقۆڵیی ڕەوتی سەدر، پارتی دیموکراتی کوردستان و هاوپەیمانی سیادە نەکشێمەوە، لە پەرلەمانتاری دوورم دەخاتەوە.

لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی کەناڵێکی عێراقی، لە وەڵامی پرسیاری پێشکەشکاری بەرنامەکە دەربارەی ئەوەی کێ پەیامی بۆت نارد و هەڕەشەی لێسەندنەوەی ئەندامییەتیی پەرلەمانی لێت کرد ئەگەر ئامادە نەبێت لە پرۆژەی هاوپەیمانی سێ قۆڵی بکشێیتەوە؟ مەشعان جبووری گوتی: سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵی، دادوەر جاسم عمێری بوو بەر لەوەی ئەندامییەتیم لە پەرلەمان هەڵوەشێنێتەوە.

جبووری گوتیشی: ئەمە یەکەم جارە ئاشکرای دەکەم، سەرۆکی دادگا پێی وتم دژی دەوڵەتی عێراق چوویتە نێو هاوپەیمانێتییەک و ئەو هاوپەیمانە دەبێتە کودەتایەک بە سەر سیستەمی سیاسیی عێراق، ئەگەر نەکشێیتەوە ئەوا ئەندامییەتیت لە پەرلەمان هەڵدەوەشێتەوە.

هەروەها لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس لە پەیامێکدا مەشعان جبووری ئاماژەی داوە بە پرسیاریی پێشکەشکارەکە سەرسام بووە و نووسیویەتی: وەڵامدانەوەکەم ڕاشکاو و ڕاستگۆیانە بوو، ئومێدەوارم هیچ کەسێک ئیستیفزازم نەکات، چونکە ئەگەر بیدرکێنم چی ڕوویداوە، دۆخێک دروست دەبێت، لێکەوتەکانی پێشبینی ناکریت.

هەروەها ئاماژەی داوە "هەوڵدەدەم نهێنییەکان لە دڵمدا بهێڵمەوە".

هاوپەیمانی سێقۆڵی لە ڕەوتی سەدر، پارتی دیموکراتی کوردستان و هاپەیمانی سیادە دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق پێکهاتبوو بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق، بەڵام دوای کشانەوەی ڕەوتی سەدر لە پرۆسەی سیاسی، هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت بووە پێکهێنەری حکوومەتی عێراق.

لە ئایاری ساڵی 2022 ، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بە تۆمەتی ساختەکردنی بڕوانامەی خوێندن ئەندامییەتیی مەشعان جبووری لە خوولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق هەڵوەشاندەوە.

Fly Erbil Advertisment