کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە هەولێر هاوخەمی بۆ قوربانییانی لافاوەکەی دهۆك دەربڕی

کونسوڵخانەی گشتی ئەمەریکا لە هەولێر
کونسوڵخانەی گشتی ئەمەریکا لە هەولێر

K24 – هەولێر:

لە ئەنجامی بارانبارینی بەخووڕی دوێنی دهۆك و دروستبوونی لافاو کە بەهۆیەوە سێ کەس گیانیان لەدەستدا، کونسوڵخانەی گشتی ئەمەریکا لە هەولێر، هاوخەمی بۆ قوربانییانی لافاوەکە دەربڕی.

ئەمڕۆ چوارشەممە (20ـی ئاداری 2024) کونسوڵخانەی گشتی ئەمەریکا لە هەولێر، لەمیانەی پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند، "هاوخەمی و سەرەخۆشی قووڵی خۆمان بۆ ئەو کەسانە دەردەبڕین کە بەهۆی لافاوەکەی دوێنی دهۆك و ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان زیانیان بەرکەوتووە".

ئەمەش لەکاتێکدایە بەرەبەیانیی رۆژی سێشەممە، (19ـی ئاداری 2024)، شەپۆلێکی بارانی بەخوڕ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانی گرتەوە و کاریگەریی شەپۆلەکە زیاتر لەسەر پارێزگای دهۆک بوو. بەهۆی بارانەکەوە، لە چەند گەڕەکێکی شارەکە لافاو دروستبوو، ئاو چووە ناو ژمارەیەک خانوو و بەشێک لە رێگاکانیش بەڕووی شۆفێراندا داخران.

بێوار عەبدولعەزیز، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرگریی شارستانیی پارێزگای دهۆک بە کوردستان24ـی راگەیاند، تاوەکو ئێستا لە ئەنجامی لافاوەکە سێ هاووڵاتی خنکاون و تا ئێستا تەرمی دووانیان نەدۆزراونەتەوە، بەهۆی ئەوەی لافاوەکە بە دەیان کیلۆمەتر لەگەڵ خۆی بردوونی.

Fly Erbil Advertisment