فەرهاد محەممەد: زۆربەی بەنداوەکانی پارێزگای دهۆک سەرڕێژبوونە

فەرهاد محەممەد، بەڕێوەبەری بەنداوەکانی دهۆک،
فەرهاد محەممەد، بەڕێوەبەری بەنداوەکانی دهۆک،

K24 – هەولێر:

بەڕێوەبەری بەنداوەکانی دهۆک، دەڵێت: بەهۆی بارانبارینی بەخووڕی دوو رۆژی رابردوو، ئاستی ئاوی بەنداوەکانی پارێزگای دهۆک بەرزبوونەتەوە و زۆربەیان سەرڕێژبوونە.

فەرهاد محەممەد، بەڕێوەبەری بەنداوەکانی دهۆک، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بەهۆی بارانبارینی بەخووڕی دوو رۆژی رابردوودا، ئاستی ئاوی زۆربەی بەنداوەکانی پارێزگای دهۆک بەرزبوونەتەوە و سەرڕێژبوونە، هەروەها لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا ئاستی ئاوی بەنداوی دهۆک 4 مەتر بەرز بووەتەوە.

بەڕێوەبەری بەنداوەکانی دهۆک، راشیگەیاند، بەنداوی دهۆک توانای گلدانەوەی 52 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە، لە ئێستادا لە بەنداوی دهۆک 42 مەتر سێجا ئاوی هەیە، هەروەها بەنداوەکە هیچ مەترسی لەسەر نییە.

فەرهاد محەممەد، ئاماژەی بەوەدا، یەکێکی دیکە لە بەنداوەکەی پارێزگای دهۆک، بەنداوی خەنەسە، کە توانای گلدانەوەی 7 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە، ئەمە دووەم وەرزە ئاو لە بەنداوەدا گلدەدرێتەوە، لە ئێستادا بەنداوەکە سەرڕێژ بووە.

بەڕێوەبەری بەنداوەکانی دهۆک، گوتی: لە سنووری قەزای سێمێل بەنداوێکی دیکە هەیە بە ناوی کەشکان، بەهۆی بارانبارینی دوێنێ ئاستی ئاوی بەنداوەکە 181 سانتیم بەرز بووەتەوە، پڕۆژە و بەنداوەکان هیچ کێشەیان نییە.

بەرەبەیانیی رۆژی سێشەممە، (19ـی ئاداری 2024)، شەپۆلێکی بارانی بەخوڕ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانی گرتەوە و کاریگەریی شەپۆلەکە زیاتر لەسەر پارێزگای دهۆک بوو. بەهۆی بارانەکەوە، لە چەند گەڕەکێکی شارەکە لافاو دروستبوو، ئاو چووە ناو ژمارەیەک خانوو و بەشێک لە رێگاکانیش بەڕووی شۆفێراندا داخران.

بێوار عەبدولعەزیز، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرگریی شارستانیی پارێزگای دهۆک بە کوردستان24ـی راگەیاند، تاوەکو ئێستا لە ئەنجامی لافاوەکە سێ هاووڵاتی خنکاون و تا ئێستا تەرمی دووانیان نەدۆزراونەتەوە، بەهۆی ئەوەی لافاوەکە بە دەیان کیلۆمەتر لەگەڵ خۆی بردوونی.

Fly Erbil Advertisment