ئەمەریکا بۆ ئاگربەست لە غەززە پڕۆژە بڕیارێکی داوەتە ئەنجوومەنی ئاسایش

K24 – هەولێر
ئەمەریکا لە ڕێگەی نوێنەرەکەیەوە پڕۆژە بڕیارێکی سەبارەت بە ئاگربەستی شەڕی ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس پێشکەشی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کردووە بۆ ئەوەی بەم زووانە بخرێتە کارنامەی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنەکە و دەنگی لە سەر بدرێت.
لە پرۆژەکەدا، جەخت لە گرنگیی دەستبەجێ ڕاگرتنی شەڕ و ئاگربەستێکی درێژخایەن کراوەتەوە لە پێناو پاراستنی گیانی خەڵکی سڤیل لە تەواوی پێکهاتەکان و کەمکردنەوەی مەینەتیی و نەهامەتییەکان.
هەر لە پرۆژە بڕیارەکەدا ئاماژە دراوە "دەبێت لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێک ڕفێندراوەکان ئازاد بکرێن و ڕێگەکانی گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکانیش فراوان بکرێن، هاوکات گەمارۆی سەر گەیاندنی هاوکارییەکان بە خەڵکی سڤیل هەڵبگیرێت."
هەروەها ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی بۆ ئاگربەستێکی دەستبەجێ پرۆژە بڕیارێکی داوەتە ئەنجوومەنی ئاسایش کردووە.
بلینکن ئومێدە دەخوازە وڵاتان پشتوانیی پرۆژە بڕیارەکەی ئەمەریکا بکەن.
لە 7ی ئۆکتۆبەری 2023ـەوە زیاتر لە پێنج جارە پرۆژە یاسای تایبەت ئاگربەستی شەڕی ئیسرائیل و حەماس لە ئەنجوومەنی ئاسایشی خراونەتە دەنگدانەوە، بەڵام بەهۆی ناکۆکی زلهێزەکانەوە هیچ یەکێک لە پرۆژەکان دەنگی پێویستی نەهێناوە بۆ ئەوەی بکرێتە بڕیارێک و هەردوو لایەن پابەندی بکرێن.
چڕکردنەوەی هەوڵەکانی ئاگربەست و ڕاگرتنی شەڕی غەززە لە کاتێکدان، کە سوپای ئیسرائیل پلانی ئۆپراسیۆنی سەربازیی بۆ سەر شاری ڕەفەحی باشووری غەززە داڕشتووە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش ترسیان لە ڕوودانی کارەساتێکی گەورەی مرۆیی هەیە، بەو پێیە چەند مانگێکە هاوکارییە مرۆییەکان ناگەنە خەڵکی سڤیلی کەرتی غەززەو بەهۆیەوە برسێتی بڵاوبووتەوە، هاوکات کەرتی تەندروستیش لەو کەرتە بە تەواوی پەکی کەوتووە.