یەحیا ڕەسوول: ژمارەیەک ئەفسەر بەهۆی هەڕەشەکردن، لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت

K24 - هەولێر

گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، لیوا یەحیا ڕەسوول، ژمارەیەک ئەفسەری ڕەوانەی فەرماندەیی کردووە، کە تێوەگلاون لە "هەڕەشکردن" لە دامەزراوە ئەمنییەکان.

لیوا یەحیا ڕەسوول لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: "بەپێی ڕێنماییەکانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان و لە ڕێگەی بەدواداچوونێکی ورد لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە بە سەرۆکایەتیی وەزیری ناوخۆ و ئەندامێتیی لێپرسراوی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و پشکنەری سەربازی لە وەزارەتی بەرگری پێک هێنرا.

ڕەسوول گوتیشی: لە لێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوتووە تۆڕێک لەناو ئەو دامەزراوەیەدا، کار لەسەر بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەکەن لە ژێر ناوی ساختە بۆ هەڕەشە لە دامەزراوە ئەمنییەکان و سووکایەتیی بە هێماکانی، جگە لە هەڕەشەکردن بە ئەفسەر و هاوکارانی خۆیان.

ئاماژەی بەوەشکرد "لیژنەکە بڕیاری دا ئەو ئەفسەرانەی لەو کارە نایاساییە تێوەگلاون ڕەوانەی فەرماندەییەکە بکرێن، هەروەها ڕێکارە یاساییە پێویستەکان بۆ تەواوکردنی لێکۆڵینەوەکان، لەدژیان گیراوەتە بەر".

گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، "داوای لە هەموو کارمەندانی پێکهاتە سەربازی و ئەمنییەکان کرد کە خۆیان دووربگرن لەو جۆرە کردارانەی زیان بە کار و دامەزراوەکان دەگەیەنێت، چونکە ئەوە دوورە لەو کارەی کە بە هێزە ئەمنییەکان سپێردراوە".

Fly Erbil Advertisment