ماجید شنگالی: لایەنە شیعەکان پرسی مووچە وەک فشار بۆ سەر حکومەت و پارتی بەکار دەهێنن
K24 - هەولێر
ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، بابەتی مووچەیە بووەتە پرسێکی سەرەکی لایەنە شیعەکان، تاوەکو فشاری پێ بخەنە سەر هەرێمی کوردستان، بەتایبەتیش لەسەر حکومەت و پارتی دیموکراتی کوردستان.
ماجید شنگالی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لایەنی شیعە لە بەغدا خۆیان بە بەهێز دەبینین، هەروەها دژایەتیی هەموو پێکهاتەکان دەکەن دەیانەوێت بیخەنە ژێر دەستی خۆیان، یەکێک لەو شتانەش بابەتی مووچەیە کە بووەتە پرسێکی سەرەکی تاوەکو فشاری پێ بخەنە سەر هەرێمی کوردستان، بەتایبەتیش لەسەر حکوومەت و پارتی دیموکراتی کوردستان.
شنگالی ئاماژەی بەوەش کرد، بابەتی مووچە لە بودجەی 2023، 2024 و 2025ـە جێگیرکراوە و دەبێت لە نەفەقاتی فیعلی دەربهێنرێت، گوتیشی: لەهیچ شوێنێکی ئەو جیهانەدا نەبوو زیاتر لە 600 هەزار فەرمانبەر لەماوەی مانگێک یان دوو مانگ جێگیرکردن "تەوتین" بکرێت.
ڕاشیگەیاند، عێراق نێزیکەی پێنج ساڵە تەوتینی دەست پێکردووە تاوەکو ئێستا نێزیکەی لە سەدا 60 تا 70ـی فەرمانبەران تەوتین کراوە. دەشڵێت: تاوەکو ئێستا فەرمانبەر هەیە لە عێراق دوو مووچەی وەردەگرێت، واتە نەیتوانییوە ئەوە یەکلایی بکاتەوە، ئەوجە دەڵێت هەرێمی کوردستان دەبێت لەماوەی یەک دوو مانگ دەبێت هەموو فەرمانبەران تەوتین بکات. لانی کەم دەبێت ماوەی شەش مانگ تا ساڵێک مۆڵەتی هەرێمی کوردستان بدات تاوەکو فەرمانبەرانی تەوتین بکات.
ئەندامەکەی ئەنجومەنی نوێنەران جەختیکردەوە، هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵێکی زۆر باشە لەگەڵ حکومەتی سوودانی و لێکتێگەیشتن هەیە، بەڵام کیشکە ئەوەیە نابێت بەهیچ ئێمە ناوی هێزە ئەمنییەکان بنێرین بۆ بەغدا.
دەشڵێت: گرووپەکانی عەسائیب و نوجەبا و هەندێک لایەنی شیعە دەیانەوێت دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان بچووک بکەنەوە، بەتایبەیتیش پارتی، چونکە دەزانن سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت پارتییە، هەروەها پارتی 45 کورسی پەرلەمانی هەبووە، هەروەک ئاشکرایە 16 پارێزگا لەژێر دەستی گرووپە چەکدارەکان و لایەنە شیعەکانە، بۆیە دەیانەوێت هەولێر و دهۆکیش بخەنە ژێر دەستی خۆیان.