ئه‌مڕۆ بلینكن سه‌ردانی ئیسرائیل ده‌كات

K24 – هەولێر:
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌میانه‌ی سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، ئه‌مڕۆ هه‌ینی ده‌گاته ئیسرائیل، له‌باره‌ی گه‌یشتن به ئاگربه‌ستی شه‌ڕی غه‌ززه، گفتوگۆ له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی ئه‌و وڵاته ده‌كات.
به‌ر له گه‌یشتنی بۆ ته‌لئه‌ڤیڤ، ئه‌نتۆنی بلینكن وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا رایگه‌یاند، دژی هێرشكردنه سه‌ر شاری ره‌فه‌حه و گوتی: رێگه‌ی دیكه هه‌ن بۆ به‌ئامانجگرتنی چه‌كدارانی بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس، بێ ئه‌وه‌ی هێرش بكرێته سه‌ر ره‌فه‌ح.
دوێنێ بلینكن له‌میانه‌ی شه‌شه‌م سه‌ردانی بۆ ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، گه‌یشته میسر و له‌گه‌ڵ عه‌بدولفه‌تاح سیسی سه‌رۆكی ئه‌و وڵاته كۆبووه‌وه.
لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە میسر، ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، سەبارەت بە غەززە، ناکۆکییەکان کەمبوونەتەوە و گوشارەکان بۆ رێککەوتن لەنێوان حەماس و ئیسرائیل بەردەوامن، ئەگەری هەیە بەم نزیکانە رێکبکەون.
سەبارەت بە ئاسایکردنەوەی پەیوەندییەکانی سعوودیە و ئیسرائیل بلینکن گوتی: بەرەوپێشچوونی زۆرباش بەدەست هاتووە و هەردوو وڵات نزیکبوونەتەوە بۆ رێککەوتن لەسەر ئاسایکردنەوەی پەیوەندییەکانیان.
پێشتریش ماتیۆ میلەر گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاندبوو، بڕیارە ڕۆژی هەینی بلینکن بچێتە تەلئەڤیڤ و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حکوومەتی ئیسرائیل گفتوگۆ لە بارەی هەنگاوەکانی ئازادکردنی تەواوی بارمتە ڕفێندراوەکان و چڕکردنەوەی هەوڵەکانی گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ کەرتی غەززە بکات.
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە دوای 17ی ئۆکتۆبەری 2023 و دەسپێکی هێرشەکانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، ئەمە جاری شەشەمە سەردانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات.
ئەم جارە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا سەرەتای گەشتەکەی لە سعوودیەوە دەست پێ‌کرد و ئاژانسی هەواڵی فەرمیی سعوودیە بڵاوی کردووە، بلینکن لەگەڵ شا محەممەد بن سەلمان جیا لە پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی ڕیاز و واشنتن لە تەواوی سێکتەرەکان، باسیان لە دۆخی هەرێمیی و هەوڵە نێودەوڵەتییەکان کردووە بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕی غەززە و ئەو ئاڵۆزیانەی ناوچەکەی گرتووەتەوە.