کۆشکی سپی وادەی کۆبوونەوەی بایدن و سوودانی ئاشکرا کرد
K24 – هەولێر:
کۆشکی سپی وادەی کۆبوونەوەی سەرۆکی ئەمەریکا و سەرۆکوەزیرانی عێراقی لە کۆشکی سپی راگەیاند و جەختی لەسەر پابەندبوونی ئەمەریکا و عێراق بە رێککەوتنی ستراتیژی نێوانیان کردەوە.
رۆژی هەینی (22ـی ئاداری 2024) کارین ژۆن پیێە، گوتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاند، 15ـی نیسان جۆ بایدن سەرۆک ئەمریکا لە کۆشکی سپی پێشوازی لە محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکات.
گوتەبێژی کۆشکی سپی ئاشکراشی کرد، هەردوو سەرکردە هەماهەنگی دەکەن لەبارەی کارە لەپێشینە هاوبەشەکانیان و پتەوکردنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان ئەمریکا و عێراق. هەروەها لەبارەی تێکشکاندنی یەکجارەکی داعش و بەرەوپێشچوونی ئەرکی سەربازی دوای پێکهێنانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ تێکشکاندنی داعش راوێژ دەکەن.
کارین ژۆن پیێە ئاماژەی بەوەشدا، بایدن و سوودانی پابەندی خۆیان بۆ رێککەوتنی ستراتیژی وڵاتەکەیان دووپات دەکەنەوە و هەروەها دیدگەی خۆیان بۆ عێراقێکی خۆشگوزەران و خاوەن سەروەری و ئاسایش قووڵتر دەکەنەوە.
گوتەبێژی کۆشکی سپی گوتی، سەرۆکی ئەمریکا و سەرۆک وەزیرانی عێراق، لەبارەی چاکسازی دارایی لە عێراق، پەرەپێدان بە بەرەوپێشچوونی ئابووری و پشت بەخۆی بەستنی عێراق لە کەرتی وزە گفتوگۆ دەکەن.