خاکی عێراق رووبەڕووی وشکە ساڵی بووەتەوە

K24 - هەولێر
خاکی عێراق ڕووبەڕووی وشکەساڵی توند بووەتەوە و بەکەڵکی بەرهەمی کشتوکاڵی نەماوە.
چەند ساڵیکە جوگرافیای خاکی عێراق روبەڕووی وشکەساڵی توند بووەتەوە و لەکۆی 51 ملیۆن دۆنم رووبەری زەوی كە بەكەڵكی كشتوکاڵ دەهات بەهۆی وشکەساڵی چوار ساڵی رابردوو، 27 ملیۆن دۆنمی تووشی وشکبوون بووە و کەڵکی چاندنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی لەدەستداوە
هاوکات حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ رێگریکردن لە وشکەساڵی و گلدانەوەی ئاو بۆ سوودی کەرتەکانی دیکەی ئابووری، چەندین پڕۆژەی بە گوژمەی جیاواز بۆ پاراستنی سامانی ئاو جێبەجێکردووە. حکومەتی هەرێمی کوردستان بەتایبەت کابینەی نۆیەم گرنگییەکی بەرچاوی بە پاراستنی سامانی ئاو داوە و بۆ ئەم مەبەستەش جگە لە چاودێریکردنی بەنداوەکان، ژمارەیەکی زۆر لە پۆندی دروستکردووە.
لە هەرێمی کوردستان بە گشتی 23 بەنداو هەن؛ بە مەبەستی بەرهەمهێنانی کارەبا، ئاودێری، گەشتیاری و چەندین بواری تر سوودیان لێ وەردەگیرێت هەروەها زیاتر لە 118 پۆند لەسەر رووبەری 479 هەزار و 364 دۆنم دروستکراون، کە توانای گلدانەوەى 22 ملیۆن و 613 هەزار و 215 مەتر سێجا ئاویان هەیە و تێچوونی دروستکردنیان گەیشتووەتە 28 ملیار و 788 ملیۆن و 376 هەزار و 278 دینار.
جوگرافیای ئەو پۆندانە 36یان دەکەونە سنووری پارێزگای هەولێر 12ەیان دەکەونە پارێزگای سلێمانی و، 58یان لە پارێزگای دهۆک و شەشیان لە قەزای کۆیە و شەش پۆندیش دەکەونە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان.
لەم کابینەی نۆدا ڕەزامەندى لەسەر دروستکردنى 41 پۆند دراوە، کە زۆربەیان جێبەجێکراون و ئەواندی دیکە لە قۆناغی جێبەجێکردندان.
لەماوەی رابردوودا بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی سەرچاوەکانی ئاوپێشنیاری دروستکردنی 23 پۆندی دیکەی لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان خستووەتەڕوو، کە بڕیارە لەسەر رووبەری دوو هەزار و 138 دۆنم دروست بکرێن، كە توانای هەڵگرتنی چوار ملیۆن و 492 هەزار و 734 مەتر سێجا ئاویان دەبێت و تێچووی دروستکردنیان دەگاتە 14 ملیار و 167 ملیۆن و 570 هەزار و 400 دینار. و بەم شێوەیە لەسەر پارێزگاکان دابەش کراون: لە پارێزگای هەولێر نۆ پۆند، هەروەها لە پارێزگای دهۆک هەشت پۆند، پارێزگاى هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی ڕاپەرین و گەرمیان شەش پۆند
دروستکردنی پۆندەکان جگە لە رێگریکردن لە وشکەساڵی ئەم سوودانەی دەبێت، پشتیوانیکردن لە کەرتی کشتوکاڵ، گرنگیدان بە سامانی ماسی، بوژانەوەی کەرتی گەشتیاری، پشتیوانیکردن لە بوژانەوەی ژینگەیی و رێگریکردن لە وشکبوونەوەی خاک.