ئەپیکور: حکومەتی عێراق هەنگاوی پێویستی بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم نەگرتووەتەبەر

کۆمەڵەی پێشەسازیی نەوتی کوردستان ( ئەپیکور)
کۆمەڵەی پێشەسازیی نەوتی کوردستان ( ئەپیکور)

K24 – هەولێر:

کۆمەڵەی پێشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) رایدەگەیەنێت، راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم زیانی ملیارەها دۆلاری بە حکومەتی عێراق گەیاندووە، هاوکات گوتیشی: حكومەتی عێراق هەنگاوی پێویستی بۆ كردنەوەی بۆری نەوت عێراق - توركیا و هەناردەی نەوتی  هەرێمی كوردستان نەگرتووەتەبەر.

ئەمڕۆ شەممە (23ـی ئاداری 2024) کۆمەڵەی پێشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) لە راگەیەندراوێکدا زیان و هۆکارەکانی راگرتنی نەوتی هەرێمی کوردستانی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە، راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان لەڕێگەی بۆری نەوتی عێراق - توركیاوە بوو بە ساڵێك، ئەو راگرتنەش كاریگەری كردووەتەسەر كۆمپانیا نێودەوڵەتیەكانی بواری نەوت لە هەرێمی كوردستان.

ئەپیکور رایگەیاند، "بەردەوامی راگرتنی هەناردەی نەوت بە ملیارەها دۆلار زیانی بە حكومەتی عێراق، حكومەتی هەرێمی كوردستان و كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكانی بواری نەوت گەیاندووە، لە رێککەوتی (25ـی ئاداری 2023) هەناردەی نەوت لەڕێگەی بۆری نەوتی عێراق - توركیاوە راگیرا. لەو بەروارەوە نە ئەپیكۆر نە كۆمپانیا ئەندامەكانی هیچ پێشنیازێكیان لەلایەن حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت پێنەگەیشتووە".

هاوکات دەڵیت: هەر هەشت كۆمپانیای ئەندامی ئەپیكور پابەندی گرێبەستەكانیانن لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان و،  ئەپیكۆر بەردەوامە لە گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان بۆ گەیشتن بە رێككەوتنێك و دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت لەڕێگەی بۆری نەوتی عێراق – توركیاوە.

مایڵز كاگینز، گوتەبێژی ئەپیكور لەمبارەیەوە رایگەیاند، هەتا رۆژێك زیاتر راگرتنی هەناردەی بەردەوام بێت، زیاتر خەڵك و ئابووری و ناوبانگی وەبەرهێنانی عێراق زیانیان پێدەگات.

گوتەبێژی ئەپیكور، دەشڵێت: حكومەتی عێراق هەنگاوی پێویستی نەگرتووەتەبەر بۆ كردنەوەی بۆری نەوت عێراق - توركیا و هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان، سەرەڕای ئەوەی لە ئۆكتۆبەری 2023وە توركیا رایگەیاندووە، بۆرییەكە ئامادەیە بۆ هەناردەی نەوت .

لە درێژەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەپیكۆر ئاگاداری ئەو كۆبوونەوانەیە لە 7 تا 9ـی كانوونی دووەمی ئەمساڵ لە بەغدا، لەنێوان نوێنەرانی حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان و كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكانی بواری نەوت، لەناویشیاندا چەند كۆمپانیایەكی ئەندام لە ئەپیكور بەڕێوەچوون. سەرەڕای ئەو كۆبوونەوانە و جەختكردنەوە لە گفتوگۆی ئەرێنی لە نێوان حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەڵام هیچ بەرەوپێشچوونێك بە ئاراستەی كردنەوەی بۆری نەوتی عێراق - توركیا بەدینەكراوە.

ئەپیکور زانیویەتی بەهۆی راگرتنی هەناردەی نەوت نزیكەی 11 ملیار زیان بە داهاتی عێراق كەوتووە، هەرچەندە بۆری نەوتی عێراق - توركیا بەكارناهێنرێت، بەڵام عێراق رۆژانە بە بڕی 800،000 دۆلار سزا دەدرێت، بەهۆی ئەوەی نەیتوانیوە مەرجەكانی ناو رێككەوتنی بۆری نەوتی عێراق - توركیا جێبەجێ بكات.

لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوەشکراوە، خنكاندنی ئابووری هەرێمی كوردستان لەلایەن حكومەتی عێراق کە بەهۆی راگرتنی هەناردەی نەوت و نەناردنی بودجە کاریگەرییەكان لەسەر نەوتی جیهان و بازاڕی نەوت گوشاری زیاتری خستووەتەسەر بازاڕی ناهاوسەنگی وزە، كە بەهۆی سزاكانی سەر رووسیا و هەڕەشەكان لەسەر گواستنەوەی جیهانی لەڕێگەی دەریای سوورەوە هاوسەنگی لەدەستداوە.

ئەپیکور، گوتیشی: عێراق بەردەوام لە سزاكان دەبەخشرێت بۆ ئەوەی كارەبا لە ئێرانەوە هاوردەی وڵاتەكەی بكات، لەكاتێكدا دەبوو لەرێگەی هەناردەی زیاتری نەوتەوە ژێرخانی وزەی بەهێز بكات. لەوەتەی بۆری نەوتی عێراق - توركیا داخراوە، ئەمەریكا رۆژانە زیاتر لە 250،000 بەرمیل نەوت لە باشووری عێراقەوە هاوردە كردووە، لەكاتێكدا حكومەتی عێراق رێگەنادات ئەو نەوتەی كۆمپانیا ئەمەریكییەكان لە هەرێمی كوردستان بەرهەمیدەهێنن هەناردەی دەرەوە بكرێت.

ئەپیکور کاریگەرییەکانی راگرتنی هەناردەی نەوت لەسەر هێزی کار لە هەرێمی کوردستان ئاشکرا دەکات و دەڵێت: كۆمپانیاكانی ئەندام لە ئەپیكۆر سەدان كارمەند و ستافی خۆیان ناردووەتەوە ماڵەوە، لەناویشیاندا ستافی بیانی و خۆجێی هەن، بەهۆی نەمانی وەبەرهێنانی كۆمپانیا نێودەوڵەتیەكانی بواری نەوت، ژمارەیەكی زیاتر لە كارمەند و ستاف كەمكراونەتەوە.

جەختی لەوەشکردەوە، رێزنەگرتن لە گرێبەستەكان، خواستی بازرگان و وەبەرهێنەرانی جیهان بۆ كاركردن و وەبەرهێنان لە عێراق بەشێوەیەكی بەرچاو كەمدەكاتەوە، هەروەها چەقبەستوویی لە بابەتی بودجە و هەناردەی نەوت، عێراقی خستووەتە بەردەم مەترسی دابەشبوونی سیاسی.

هاوکات وەک ئەوەی ئەپیکور ئاماژەی پێدەدات، ئامانجیان راکێشانی سەرنجی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت و گاز، وەبەرهێنەر و کۆمپانیاکانی خزمەتگوزارییە، تاوەکو هەرێمی کوردستان بکەنە شوێنی وەبەرهێنانیان.