سۆماڵ... لە هێرشێکی بزووتنەوەی شەباب بۆ سەربنکەیەکی سەربازی 17 کەس کوژران

سەربازانی سۆماڵ
سەربازانی سۆماڵ

K24- هەولێر

بزووتنەوەی شەباب لە سۆماڵ هێرشیان کردە سەر بنکەیەکی سەربازی و بۆ ماوەیەک بنکەکەیان کۆنترۆڵ کرد، کە بەو هۆیەوە 17 کەس کوژران.

ئەو گرووپە و بەرپرسانی ئەمنی ڕایانگەیاندووە، هێرشبەرەکان بۆ ماوەیەک بنکەی بۆسلێیان لە ناوچەی شبیلی خواروو لە باشووری ڕۆژئاوای وڵاتەکە کۆنترۆڵ کردووە.

ئەفسەرێکی سوپای سۆماڵ کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکات بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، چەکدارانی بزووتنەوەی شەباب بەهۆی ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراو توانیوویانە ڕێگەی خۆیان بۆ ناو ئەو دامەزراوە بکەنەوە.

ئەفسەرەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، "ئەو گرووپە بە چەند ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو هێرشیان کردە سەر بنکەکە و بۆ ماوەیەکی کورت بنکەکەیان کۆنترۆڵ کرد".

ئەو ئەفسەرە باسی لەوەش کرد، دوای ئەوە هێزەکانی حکوومەت شەڕێکی سەختیان لەگەڵ بزووتنەوەکەدا کرد، لە بنکەکە دەریان کردوون.

دەشڵێت: لە کاتی شەڕەکەدا حەوت سەربازی سۆماڵی کوژراون کە یەکێکیان فەرماندەی بنکە سەربازییەکە بووە، لەبەرانبەردا 10 چەکداری شەباب کوژران.

بەشێک لە دانیشتوانی ناوچەکە بە ئاژانسی ڕۆیتەرزیان گوت: " بزووتنەوەی شەباب لە کاتی هێرشەکەدا ئۆتۆمبێلی سەربازییان سووتاندووە و دەستیشیان بەسەر ئۆتۆمبێلی دیکەدا گرتووە.

دوای ڕووداوەکە بزووتنەوەی شەباب بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و بەرپرسیارێتیی خۆی لە هێرشەکەدا ڕاگەیاند، هەر لە بەیاننامەکەدا هاتووە، کە 57 سەربازی حکوومەتیان کوشتووە.

ئەو گرووپە، نزیکەی دوو دەیەیە هەوڵ بۆ ڕووخاندنی حکوومەتی سۆماڵ دەدات.

Fly Erbil Advertisment