ساڵح موتڵەگ: کۆمەڵگەی سوننە خۆی لەگەڵ حەشدی شەعبیدا ناگونجێنێت

ساڵح موتڵەگ، سیاسەتمەداری عێراقی
ساڵح موتڵەگ، سیاسەتمەداری عێراقی

K24 - هەولێر

سیاسەتمەدارێکی عێراقی دەڵێت، بەهۆی هەڵسوکەوتە قبوڵنەکراوەکانی حەشدی شەعبی کۆمەڵگەی سوننە خۆی لەگەڵیاندا ناگونجێنێت. ئاماژە بەوەش دەدات، "سیستەمی سیاسی ئێستەی عێراق کاریگەر نییە".

ساڵح موتڵەگ، سیاسەتمەداری عێراقی لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵی (سوومەرییە نیوز) رایگەیاند، "بوونی ئێستای هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق داگیرکاری نییە، چونکە ئەوان لەسەر داوای فەرمی حکوومەتی عێراق بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش هاتوون".

ساڵح موتڵەگ ئاماژەی بەوەش کرد، "پێویستە مقاومەی ئیسلامیی لە عێراق لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی هاوهەڵوێست بێت. ناکرێت مقاومەی ئیسلامی هێزەکانی هاوپەیمانان بکاتە ئامانج لە کاتێکدا حکوومەت بە داگیرکار ناویان نابات، بەڵکوو وەکو هێزێکی پاڵپشتیکار وەسفیان دەکات".

بە گوتەی ساڵح موتڵەگ، "ئێران پرسی تائیفیی لە عێراق زیندووکردووەتەوە، ئەگەر ئەم پرسە نەبووایە، هیچ کێشەیەک لە نێوان عێراق و ئێران رووی نەدەدا". گوتیشی، "ئێران سوودی لە بوونی داعش وەرگرتووە لە ڕێگەی دزەکردنی بۆ ناو عێراق و فراوانکردنی هەژموونی بەرەو پارێزگاکانی ڕۆژئاوای عێراق".

وەکو ئەوەی ئەو سیاسەتمەدارە عێراقییە باسی کرد، "بەهۆی هەڵسوکەوتە قبوڵنەکراوەکانیانەوە، کۆمەڵگەی سوننە خۆی لەگەڵ هێزەکانی حەشدی کە لە ناوچەکانیدا هەن ناگونجێنێت". راشیگەیاند، "کۆمەڵگەی سوننە ئێستا لە دۆخێکی مەترسیداردایە، کەسانێک هەن کاریان کردووە بۆ ئەوەی دۆخی سوننە بگەیەننە ئەم ئاستە".

ئەو سیاسەتمەدارە عێراقییە لە بەشێکی دیکەی قسەکانیشیدا ئەوەی خستەڕوو، "سیستەمی سیاسیی ئێستەی عێراق کاریگەر نییە و بەم سیستەمە عێراق پێشناکەوێت و گۆڕانکاریش پێویستە".

ساڵح موتڵەگ لەبارەی دوورخستنەوەی حەلبووسی گوتی، "ئەوانەی حەلبووسییان لە پۆستی سەرۆکی پەرلەمان دوورخستەوە سیاسەتمەدارە شیعەکان بوون کە هەستیان دەکرد هەڕەشەیە بۆ سەریان. ئەوانەی ئێستا لە دەسەڵاتدان، دەیان هەڵەیان هەیە کە لە هەڵەی حەلبوسی گەورەترن".

Fly Erbil Advertisment