محەممەد زراری: پێشتریش لەگەڵ عێراق ڕێککەوتووین کە لیستی سەربازی تەنها بە ژمارە بنێرین

"ئومێدەوارین لە مانگەکانی داهاتوودا پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران دەست پێبکات"

K24 - هەولێر

بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئومێدەوارین لە مانگەکانی داهاتوو پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران دەست پێبکات، کە ماوەیەکی زۆرە لێی بێبەش بوون.

محەممەد زراری، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی چاودێریی دارایی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، وەزیری دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان داوای دوو لیستی مووچەخۆرانی کردووە، کە یەکێکیان لیستێکی ئاساییە وەکو ڕابردوو، لیستێکیشیان شایستە و پلەی فەرمانبەرانە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئومێدەوارین لە مانگەکانی داهاتوو پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران دەست پێبکات، کە ماوەیەکی زۆرە لێی بێبەش بوون، تاوەکو هەموویان بتوانن ئیمتیاز و شایستە و پلەکانی خۆیان چەندە، وەری بگرن.

محەممەد گوتیشی: ئەو لیستانە کاتێک کە لە هەرێمی کوردستان داواکراوە لیستی مووچەخۆران بنێرن، پێشتریش لەسەر ئەوە ڕێککەوتووین کە لیستی سەربازیان تەنها بە ژمارە و بە گوژمە بدەینێ، کە دیوانی چاودێریی دارایی عێراقیش ئەوەی قبووڵ بووە، ئەمەش لەبەر ئەوەی تایبەتمەندی خۆیان هەیە.

دەشڵێت: ئەوەی ئێستا بابەتێکی نوێیە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان پشکی لە بودجە هەیە کە مانگانە 825 ملیار دینارە، کە لە یاسای بودجە بۆی دیاری کراوە، بۆیە ئەگەر تەنیا ئەو پشکەیان بناردبا لەگەڵ داهاتی ناوخۆ دەتوانرا مووچە دابەش کرابا و کیشەی نەدەبوو.

بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی چاودێریی دارایی ڕاشیگەیاند، جێگەی داخە هەر ڕۆژێک بیانوویەک بە هەرێمی کوردستان دەگرن، ئەوان دەتوانن لەسەر ناوەکان وردتر وردبینی بکەن بەڵام چۆن دەبێت لەسەر هەڵەیەک مووچەی چوار پارێزگا ببڕن.

محەممەد جەختی کردەوە، لەسەرەتادا بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بۆ ئەوە دەرچوو کە مووچەی موچەخۆران پێویستە بدرێت، وە تەوتینیش بکرێت و کارتی بانکیان بۆ دروست بکرێت، بەڵام وەزیری دارایی عێراق ئەو هەلەی قۆستەوە و گوتی: ئەگەر لە ماوەی مانگی سێ کارت بۆ هەموو موچەخۆران دروست نەکرێت، من مووچەکە نانێرم.

Fly Erbil Advertisment