ئەنجوومەنی نیشتمانیی فەرەنسا به فه‌رمی سه‌ركۆنه‌ی سهركوتییهكی خوێناوی دژ به جه‌زائیرییه‌كان كرد
K24 – هەولێر:
ئەنجوومەنی نیشتمانیی فەرەنسا ڕەشنووسی بڕیارنامەیەکی تایبه‌ت به "سه‌ركۆنه‌ی سەرکوتیی خوێناوی و کوشتن"ـی دژی جەزائیرییەکانی ژێر دەستەڵاتی ماوریس پاپۆن، له سه‌رده‌می كۆڵۆنیالیزمدا په‌سند كرد.
ئه‌مڕۆ (پێنجشه‌ممه 28ـی ئاداری 2024) ئەنجوومەنی نیشتمانیی فەرەنسا ڕەشنووسی بڕیارنامەیەکی تایبه‌ت به "سه‌ركۆنه‌ی سەرکوتیی خوێناوی و کوشتن"ـی دژی جەزائیرییەکانی لە لایەن به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیس له سه‌رده‌می كۆڵۆنیالیزمدا، له 17ـی تشرینی یه‌كه‌می 1961، په‌سند كرد.
ڕەشنووسی یاساکە، تایبەتە بە ڕووداوێکی سەرکوتکردنی دڕندانە لەلایەن پۆلیسی فەرەنسا دژ به خۆپیشاندانێكی جه‌زائیرییه‌كان كه له ئه‌نجامدا 30 بۆ زیاتر له 200 خۆپیشانده‌ر كوژراون.
ئه‌م پێشنیازه له‌لایه‌ن 67 ئه‌ندام پشتیوانیی لێ كراوه و 11 ئه‌ندامی ڕاستڕه‌وی توندڕه‌و ڕه‌تیان كرده‌وه. ده‌قه‌كه هه‌روه‌ها پێشنیازی كردووه: "ڕۆژێک بۆ یادکردنەوەی (ئەم کۆمەڵکوژییە)" لە "خشتەی ڕۆژە نیشتمانییەکان و ڕێوڕەسمە فەرمییەکان"ـدا دابنرێت.
ده‌قی ئه‌م پێشنیازه له‌لایه‌ن سابرینا سەباحی، نوێنەری پارتی سەوز و جولی دێلپێچی، نوێنەری زۆرینەی ئه‌نجوومه‌نی نیشتمانیی فه‌ره‌نسا پێشکەش کرا.
لە 17ـی تشرینی یەکەمی ساڵی 1961ـدا نزیکەی 30 هەزار جەزائیری له پاریس خۆپیشاندانێكیان كرد بۆ كۆتاییهێنان به سیسته‌می كۆڵۆنیالیزم له وڵاته‌كه‌یان، به‌ڵام له‌لایه‌ن هێزه‌كانی پۆلیس و به فه‌رمانی ماوریس پاپۆن، به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیس، بە توندی سه‌ركوتكران و ژمارەیەکی زۆریان لێ کوژرا.
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە تشرینی یه‌كه‌می 2021 دانی به‌و كۆمه‌ڵكوژییه‌دا نا، پێشتریش له 2012ـدا فرانسوا ئۆلاند، سەرۆکی پارتی سۆسیالیستی فەرەنسا، یادی "قوربانییانی ئەو سەرکوتکرنە خوێناوییە"ـی کردەوە.
ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژێكه بیرۆكه و پڕۆژەی دانانی پەیکەری كۆڵۆنێل مارسێل بیگارد لە فەرەنسا مشتومڕێکی گەورەی دروست كردووه بەهۆی ئه‌وه‌ی ڕۆڵی لە جه‌نگی دژ به جەزائیر و ئەشکەنجەدانی جەزائیرییەکاندا هه‌بووه لە سه‌رده‌می کۆلۆنیالیزمدا.
بیگارد یەکێکە لە سیمبۆڵەکانی جه‌نگی جەزائیر و تۆمەتبارە بە پلاندانان و پراکتیزەکردنی ئەشکەنجەدان لە دژی جەزائیرییەکان، کتێبێکی بۆ بەرەنگاربوونەوەی شەڕی گەریلایی نووسیوە، کە بە ڕێنمایی بۆ ئەشکەنجەدان دادەنرا و ئەم بەڵگانەش شایەتیی دیدگای ئەو بۆ شەڕ و شێوازەکانی دەدات .
ده‌نگی ناڕه‌زایه‌تی لە ناوخۆی فەرەنسا و جەزائیردا دژی پڕۆژەی دانانی پەیکەرەکە بەرز دەبنەوە و له‌وباره‌یه‌وه مێژوونووسان و کۆمەڵە و رێكخراوه‌كان تووڕەیی خۆیان ده‌ربڕیوه.
له‌م چوارچێوه‌یه‌دا داواکارییەک کە لەلایەن مێژوونووسان فابریس ریسپوتی و ئالان ڕۆسۆوە پێشكه‌ش كراوه و لەلایەن کۆمەڵەی فەرەنسی بۆ مێژووی کۆلۆنیالیزمەوە پاڵپشتی کراوە، ئامانجی ڕێگرییە لە دانانی پەیکەرەکە.
زۆرێك پێیان وایه دانانی په‌یكه‌ری بیگارد سووكایه‌تییه به قوربانییه جه‌زائیرییه‌كان و ئاسته‌نگ له به‌رده‌م پرۆسه‌ی ئاشته‌وایی نێوان هه‌ردوو وڵات دروست ده‌كات، هاوكات یه‌كێتیی جه‌زائیر هه‌ڕه‌شه‌ی كردووه په‌نا ده‌باته به‌ر دادگا.
یه‌كێك له تۆمه‌ته‌كان كه بیگاردی پێ تاوانبار كراوه، ئه‌شكه‌نجه‌دانی جه‌نگاوه‌رێكی جه‌زائیری بووه كه پارچه چیمه‌نتۆیه‌كی گه‌وره‌ی به قاچییه‌وه به‌ستاوه‌ته‌وه و له به‌رزایی 300 مه‌تر لە فڕۆكهیەکەوه به‌ریداوه‌ته ناو ده‌ریا.