دۆسیه‌ی ئابڕووچوونی سێكسی ناو هێزه ئه‌منییه‌كانی عێراق، سنووره‌كان دەبەزێنێت

K24 - هەولێر:
پرسی دۆسیه‌ی گێچه‌ڵه سێكسییه‌كان له ناوه‌نده‌كانی عێراقدا پرسێكی گه‌رمه و مشتومڕی زۆری به‌دوای خۆیدا هێناوه، به‌تایبه‌ت دوای ئەوەی تیمێکی لێکۆڵینەوەی ئەمنیی عێراقی گەیشتە ئیماراتی عەرەبی بۆ لێکۆڵینەوە لەگەڵ بەشێک لە تۆمەتبارانی ئەم دۆسیەیە.
ژمارەیەک ئەفسەری وەزارەتەکانی ناوخۆ و بەرگری، لەنێویاندا ئەفسەرانی پلەباڵای سەربازی، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا پەیجی ساختەیان دروست کردووه بۆ ئەوەی ئه‌فسه‌ران و كه‌سایه‌تییه‌كانی دیكه بەمەبەستی بەدەستهێنانی پارە، بخه‌نه ناو تۆڕه‌كانیان .
سەرچاوەیەکی ئاگادار له‌و باره‌وه ئاماژه‌ی به‌وه كردووه، لێکۆڵینەوەکان بۆ ئەم دۆسیه‌یه شەهد شەممەری، ڕۆژنامەنووس و فەهد زەیدی هاوسەریشی کە لە دوبەی نیشتەجێن، تێدا بووە. دەشڵێ: دەسەڵاتدارانی ئیمارات ڕێگەیان بە شاندێکی هەواڵگریی عێراقی داوه بۆ لێکۆڵینەوەیان لە ناوخۆی ئیمارات سەبارەت بە پرسی "ڕاوكردن"ـی ئه‌فسه‌ران و بەرپرسان بە فیلمی سێکسی.
سه‌رچاوه‌كان جه‌ختیان كردووه‌ته‌وه، عەباس شرووکی، ئەو کەسەی کە بووە هۆی ئاشکرابوونی (باندەکانی "ڕاوكردن" لە وەزارەتەکانی ناوخۆ و بەرگری، بە سه‌رپه‌رشتی سەعد مه‌عن و سەعد عەلاق و هاوکارێكی بەڕێوەبەری کەناڵی سۆمەریە و بەشێک لە کەسایەتییە میدیاییەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی، لەوانەش شه‌هد شەممەری)، عەباس شییاع سوودانی برای محه‌ممه‌د شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقه كه ڕووبه‌ڕووی گێچه‌ڵی تۆڕه‌كه بووه‌ته‌وه دوای ئه‌وه‌ی له شه‌قامی شازاده‌كان له ئیمارات، له‌گه‌ڵ ئافره‌تێكی ناسراوی میدیای حكوومی وێنه‌ی چركێندراوه.
سه‌رچاوه‌كه تیشكی خستووه‌ته سه‌ر ئه‌وه‌ی لێکۆڵینەوەکان بۆ ڕۆژنامەنووس شه‌هد شەممەری بەرایین، تا ئێستاش هیچ تۆمەتێکی فەرمی سەبارەت بە ڕۆڵی خۆی و هاوسەرەکەی لەو دۆسیەیەدا نه‌دراوه‌ته پاڵ، بەڵام هۆشداری دراوە لە ئەگەری ئەوەی هەر زانیارییەکی که خزمەت بە ڕێڕه‌وی لێکۆڵینەوەکە بکات، شاردبێتەوە. ئه‌و سه‌رچاوه‌یه ده‌شڵێت: لێكۆڵینه‌وه‌كان سه‌باره‌ت به سامانه‌كه‌ی شه‌هد ده‌ستیان پێ كردووه، نه‌خاسمه كه له‌پڕ بووه‌ته خاوه‌نی سامانێكی زۆر و گومانی دروست كردووه به تایبه‌تی كه دوو شوققه‌ی لە گوندی نەخیل لە دوبەی، خانوویەکی لە ناوچەی بەیجییە، شوقەیەکی گرانبەهای لە دەروازەی بەغدا كڕیوه و هه‌ر ئه‌و ماوه‌یه بووه‌ته خاوه‌نی ئۆتۆمبێلێکی جی کلاس و ژمارەیەک خانووبەرە و زەویی دیكه.
ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستە ڕوو، دەسەڵاتدارانی عێراق تۆمەتبارانی دەرەوەی وڵاتیان ئاگادار کردووەتەوە کە هاوکار نین لەگەڵ لێکۆڵینەوەکان و ئاماده‌كاری ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی له ئه‌گه‌ری به‌رده‌وامییان هاوكارینه‌كردنیان، له ڕێگه‌ی پۆلیسی ئهنتهرپۆلهوه ده‌یانگه‌ڕێننه‌وه عێراق.
هاوكات چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ك لە بەغدا ڕایانگەیاندووە، لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا دەرکەوتووە کە لە چەند هەفتەی ڕابردوودا شریتە ڤیدیۆییەکانی تۆماری پەیوەندی سێکسی بۆ ئەفسەرانی باڵا، بە قاچاخ ڕەوانەی بەیروت و دوبەی کراون، هاوکات شریتەکانی دیکەیش لە شوێنێکی نادیار لە بەغدا و ناوچەکانی دیکە شاردراونه‌ته‌وه.
سه‌رچاوه‌كان له به‌غداوه سه‌رنجیان بۆ ئه‌وه ڕاكێشاوه، هه‌واڵگریی حزبوڵڵای لوبنانی ئاگاداری هەندێک لە وردەکارییەکانی ئەو ئابڕووچوونەن، ته‌نانه‌ت ئەگەر لایەنە دەرەکییەکانی پەیوەندیدار بە دۆسیه‌ی عێراق ئاگادار نەبوونایە، حكوومه‌تی عێراق بەیاننامەی فەرمی له‌م باره‌وه ده‌رنه‌ده‌كرد.
بەگوێرەی سەرچاوەیەکی باڵای ئەمنی کە محه‌ممه‌د شییاع سوودانی بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو ئابڕووچوونەی کە هێزە چەکدارەکانی بە هەموو جۆرەکانی هەژاندووە، پشتی پێ بەستووە، ئەستەمە پاش دەستوەردانی خێرای سەرکردەکانی شیعە و سوننە بۆ ڕێگریی لە دەستگیرکردنی ئه‌و ئافره‌تانه‌ی له گۆڕه‌پانی عێراقییدا له‌سه‌ر ئاستی سیاسی و ناو حه‌شدی شەعبی ناوبانگیان هه‌یه و خاوه‌ن پێگه‌ی خۆیانن و په‌یوه‌ندییان به‌و ئابڕووچوونە سێكسییانهوه هه‌یه، بتوانرێت كۆنترۆلی لێكه‌وته‌كانی ئه‌و ئابڕووچوونانە بكرێت.
سەرچاوەکان پشتڕاستیان کردووه‌ته‌وه کە 17 ئەفسەر و ئەندامی هێزه ئه‌منییه‌كان دانیان به‌وه‌دا ناوه كه هه‌ر یه‌ك له لیوا سەعد عەلاق و سەعد مه‌عن، فه‌ریقی یه‌كه‌م شه‌ش په‌یجی ساخته به ناوه‌كانی "العميد الكاظمي، يوميات ضابط دمج، شكاوى وهموم الشرطة، شبح الداخلية، فساد القوات الأمنية، شبح الدفاع" و په‌یجێكی دیكه له سایتەکانی سۆشیال میدیادا بەڕێوەدەبەن و پارەیان بۆ دابین کردووە و ئامانجیان بریتییه له ڕاوكردنی ئه‌فسه‌ران و پله‌دارانی ئه‌منی و سه‌ربازییه بۆ ناو تۆڕه‌كانیان و له ڕێگه‌ی پهیجهكانیانهوه وێنه و ڤیدیۆ و پۆستی ئابڕووبه‌ریان له باره‌وه بڵاو ده‌كه‌نه‌وه، به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی كه ئاماده نه‌بوونه بچنه ژێر باری ههڕهشهكانیانهوه.
سه‌رچاوه‌كان باسیان له‌وه كردووه، ئه‌فسه‌ران له پێشه‌وه‌ی به‌رپرسیاریه‌تی دانراون و ده‌سه‌ڵاتیان پێ دراوه بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ركرده و ئه‌ندامانی گرووپه چه‌كداره شیعه‌كان كه ئه‌و سكانداڵانهیان ئه‌نجام داوه و تێوه‌گلاون، دووریان بخه‌نه‌وه.
سه‌رچاوه‌كان جه‌ختیان كردووه‌ته‌وه، لیوا سەعد عەلاق و سەعد مه‌عن، فه‌ریقی یه‌كه‌م لە سەرووی ئەم لیستەدان کە زیاتر لە 14 ناوی ئەفسەرە پلە باڵاکانی بەشداربوو لەم تۆڕە ئابڕووبه‌ره لە خۆ گرتووه، تۆڕەکە هەروەها بلۆگەر و فاشنیستەکان و ئافره‌تانی میدیاكاریش له خۆ ده‌گرێت به‌تایبه‌تی كه سه‌لمێنراوه، پەیوەندییان بە سەرکردە ئەمنییەکان و په‌رله‌مانتاران و وەزیرەکانی پێشوو و بەرپرسانی باڵا و بەڕێوەبەری کەناڵێكی ئاسمانییه‌وه هەیە.
یه‌حیا ڕه‌سووڵ، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان ڕۆژی 20ـی ئادار لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، دوای پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە بە سەرۆکایەتیی وەزیری ناوخۆ و ئەندامیه‌تیی سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتیمانی و پشکنەری سەربازی وەزارەتی بەرگری، بەدواداچوونەکان بووە هۆی دەستنیشانکردنی ئه‌ندامانی ناو تۆڕێك كه له دامه‌زراوه ئه‌منییه‌كاندا كار ده‌كه‌ن و په‌یجه‌كانی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به كار ده‌هێنن بۆ ڕاوكردنی ئه‌فسه‌رانی پله‌باڵای وه‌زاره‌ته‌كانی ناوخۆ و به‌رگریی و پاشان وه‌رگرتنی پاره له به‌رامبه‌ر بڵاونه‌كردنه‌وه‌ی وێنه و ڤیدیۆكانیان.
یه‌حیا ڕه‌سووڵ ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەم لیژنەیه بڕیاری دا ئەو ئەفسەرانەی بەشدارن لەو کارە نایاساییە ڕەوانەی فەرماندەییان بكات، هاوكات له‌گه‌ڵ بەردەوامبوون لە ڕێکارە یاساییە پێویستەکان و تەواوکردنی لێکۆڵینەوە لە دژی هه‌ر یه‌كێكیان".
مایه‌ی سه‌رنجه، سه‌عد مه‌عن، بەڕێوەبەری پەیوەندییە گشتییەکان لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق، کە یەکێکە لە تۆمەتبارانی ئەم دۆسیەیە و ڕەوانەی فه‌رمانده‌یی کراوە، کتێبێکی لەسەر ڕاوكردنی ئەلیکترۆنی و خۆپاراستنەکەی بە ناوونیشانی "چۆن خۆت لە ڕاوكردنی ئەلیکترۆنی ده‌پارێزیت" نووسیوە و ساڵی 2021 بڵاو كراوه‌ته‌وه.