توێژینەوەیەك: جگەرەکێشان دەبێتە هۆی زیادبوونی چەوری سک

جگەرەکێشان و کاریگەرییەکانی لەسەر زیادبوونی چەوری سک
جگەرەکێشان و کاریگەرییەکانی لەسەر زیادبوونی چەوری سک

K24 – هەولێر:

لە ئەنجامی توێژینەوەیەکدا دەرکەوتووە، وازهێنان لە جگەرەکێشان نابێتە هۆی قەڵەوی بە تایبەتی زیادبوونی چەوری سک، بەڵکو بەردەوامی جگەرەکێشان دەبێتە هۆی زیادبوونی چەوری سک.

زۆر کەس بیانووی زیادبوونی کێشی زیادە بۆ وازهێنان لە جگەرەکێشان دەگەڕێننەوە، بەڵام توێژینەوەیەکی نوێ بەڵگەی زانستی دۆزیوەتەوە کە ئەو بیانووە باوە رەتدەکاتەوە.

لە لێکۆڵینەوەیەکدا دەرکەوتووە، دەستپێکردنی جگەرەکێشان و بەردەوامی جگەرەکێشان بەدرێژایی تەمەن ڕەنگە چەوری سک زیاد بکات، کە ئەو چەورییە ناتەندروستەیە لە قووڵایی ناو سکدا کە پەیوەندی بە زیادبوونی مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ، شەکرە و جەڵتەی مێشک و بیرچوونەوە هەیە.

بینینی چەوری ناوەوەی جەستە ئەستەمە، بەو پێیەی ئەگەری هەیە گەدەیەکی تەختت هەبێت لە هەمان کاتدا بڕێکی ناتەندروستی چەوری سکت هەبێت، ئەمەش مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییە مەترسیدارەکان زیاد دەکات، هەروەها ئەم توێژینەوە نوێیە بەڵگەی پشتیوان دەخاتە ڕوو کە جگەرەکێشان رەنگە ببێتە هۆی زیادبوونی چەوری سک.

توێژەرانی زانکۆی کۆپنهاگن ئەنجامی توێژینەوە جۆراوجۆرەکانی بۆماوەیییان کۆکردەوە کە زیاتر لە ملیۆنێک کەسی لەخۆگرتبوو، هەروەها لێکۆڵینەوەیان لەوە کرد کە ئایا ئەو کەسانەی جیناتەکانیان پەیوەندی بە جگەرەکێشانەوە هەیە، مەیلیان هەیە دابەشبوونی چەوری جەستەیان جیاواز بێت بە بەراورد بەو کەسانەی جگەرە ناکێشن.

تیمەکە ئاماژەیان بەوەشکردووە، پێدەچێت ئەم چەورییە چەوری ناوپۆشی جەستە بێت، کە بەدەوری ئەندامەکانی سکدا دەپێچێتەوە، نەک چەوری ژێر پێست کە ڕاستەوخۆ لە ژێر پێستدایە.

جێرمان کاراسکویلا، نووسەری سەرەکی توێژینەوەکە روونیکردەوە، "جگەرەکێشان مەترسییەکی گەورەیە لەسەر ژیانی مرۆڤدا، دەبێتە هۆی زیادبوونی چەوری سک، هەروەها دەبێتە هۆی تووشبوون بە چەندین نەخۆشی درێژخایەن، کەمکردنەوەی چەوری سک و هەموو نەخۆشییە درێژخایەنەکان پەیوەستە بە وازهێنان لە جگەرکێشان".

توێژینەوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، هەرچەندە کەسانی جگەرەکێش بە گشتی کێشی جەستەیان کەمترە، بەڵام زیاتر چەوری سکیان هەیە لەچاو ئەوانەی جگەرە ناکێشن، ئەمەش مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان زیاد دەکات.

توێژەران لە کۆتاییدا دەڵێن: "هەوڵەکان بۆ خۆپاراستن و وازهێنان لە جگەرەکێشان دەتوانێت سوودی هەبێت بۆ کەمکردنەوەی چەوری سک".

Fly Erbil Advertisment