داعش لە باشووری کەرکووک هێرشی کردە سەر سوپای عێراق

K24 – کەرکووک:
چەکدارانی داعش لە باشووری پارێزگای کەرکووک، هێرشیان کردە سەر خاڵێکی سەربازی و بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان، سەربازێک کوژراوە و یەکێکی دیکەش بریندارە.
ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی (29ـی ئاداری 2024) لەکاتی بەربانگ، چەکدارانی داعش هێرشیان کردووەتە سەر خاڵێکی سەربازی سوپای عێراق و دوای هێرشەکەش چەکدارەکان هەڵاتوون.
بەوتەی سەرچاوەیەک کە پلەی عەقیدە لە سوپای عێراق بەکوردستان24ـی راگەیاند: هێرشەکە پێنج چەکداری داعش ئەنجامیان داوە لەگوندی (خارەشچی) لە قەزای داقووقی سەر بەپارێزگای کەرکووک.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکرد: هێرشەکە کراوەتە سەر فەوجی یەکی لیوای 44ـی سوپای عێراق، لە ئەنجامی پێکدادانی نێوان سەربازانی سوپای عێراق و چەکدارانی داعشدا، سەربازێکی سوپای عێراق کوژرا و یەکێکی دیکەش بریندار بووە.
ئەو سەرچاوەیە روونیکردەوە: چەکدارانی داعش هەڵاتوون و دوای رووداوەکەش، سوپای عێراق بەدوای ئەو چەکدارانەوەن و کێوماڵی ناوچەکەیان دەست پێکردووە.