چاودێرانی سیاسی: بڕیاره‌كانی دادگای فیدراڵی، پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدایان تێکداوە
K24 - هەولێر
کۆنترۆڵکردنی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی لەلایەن هێزه سیاسییەکانهوه و دروستکردنی قەیرانە بەئەنقەستەکان لەگه‌ڵ هەرێمی کوردستان، جێی پرسیار و نیگەرانیی زۆرێك له چاودێرانی سیاسییه، ئه‌مه لەکاتێکدایه هەندێکیان بۆچوونیان وایه ئەو لایەنانەی دژی هەموو ڕێککەوتنەکانی تایبەت بە پێکهێنانی حکومەت ده‌وه‌ستنه‌وه، له ئایینده‌دا هه‌موو شتێك له‌ده‌ست ده‌ده‌ن.
دروستکردنی قەیرانه یه‌ك لهدواییهكهكان لەگەڵ هەرێمی کوردستان، ڕەنگە بژاردەیەک بێت تا هەندێک لایەنی سیاسی بۆ نیشاندانی هه‌ژموونی خۆیان بۆ لایه‌نگرانیان، به‌كاری بێنن، دوای ئەوەی نەیانتوانی خزمه‌تێكی وه‌ها به به‌لایه‌نگرانیان بكه‌ن. بۆیه، پێده‌چێت هیچ ڕێگەیەکیان نەدۆزیبێتەوە هانای بۆ ببه‌ن جگە لە دادگای فیدراڵی، تاكو به دروستكردنی هەندێک بابەت و دەرکردنی ژماره‌یه‌ك بڕیار دژی هه‌رێمی كوردستان ده‌ر بكه‌ن، له ئه‌نجامدا ئه‌و هه‌نگاوانه كێشه‌ی سیاسیی ده‌خوڵقێنن، ئەمە شتێکە به‌رده‌وام پسپۆڕان و شارەزایانی یاسا هۆشدارییان له‌باره‌وه داوه.
فه‌یسه‌ڵ ڕیكان، شاره‌زای یاسایی دەڵێت: "پێویسته دادگای فیدراڵی ملکەچی بڕیاری هەندێک لایەنی سیاسی، یان هەلومەرجێک نەبێت کە ڕەنگە کاریگەریی نەرێنی لەسەر دۆخی سیاسی بێت، وەک ئەوەی به‌هۆی بڕیاره‌كانی دادگای فیدراڵییه‌وه لێکەوتەی مەترسیدار له‌سه‌ر پەیوەندی نێوان حکومەتی ناوەندی و هەرێمی كوردستان دروست بكات."
ئەم بڕیارانەی دادگای فیدراڵی ته‌نها بە گوێرەی خواستی لایەنێک دەردەچن، ڕەنگە لێکەوتەی لەسەر پێكهێنانی حکوومەتەکانی داهاتوو هەبێت، بەتایبەتی ئەو لایەنانەی قەیران لەگەڵ هەرێمی كوردستان دروست دەکەن، هەمان ئەو هێزانه‌ن کە دوای هەموو هەڵبژاردنێک بۆ بەدەستهێنانی ڕەزامەندیی لایەنی کوردی پەنا بۆ هەرێمی كوردستان ده‌بەن.
جاسم غه‌ڕابی، شرۆڤه‌كاری سیاسی ئاماژە بەوە دەدات، "حکوومەتی ئەمڕۆ و دەوڵەتی عێراق بە ته‌وافوق پێك هاتووه. ئەو حزب و لایه‌نه سیاسییانه‌ی ئێستا دژی هه‌رێمن لە ساڵانی ڕابردوودا، کاتێک حکوومەتەکانیان پێك ده‌هێنا، له هه‌ولێر كۆده‌بوونه‌وه و چه‌قی ڕێككه‌وتنه‌كان له هه‌ولێر بوو، بەڵام کە پرۆسه‌كه گەیشتە ئاستی جێبەجێکردنی به‌ڵێنه‌كان، بە دەستوور و یاسا کۆسپیان دروست ده‌كرد. "
داواکارییە جەماوەرییەکان به ئامانجی ئه‌وه‌ی ڕێگه به هەندێک لایەن و پارتی سیاسیی نه‌ده‌ن تاكو دەسەڵاتی دادوەری، لەوانەش دادگای فیدراڵی له دەرکردنی ئەو بڕیارانەی کە خۆیان دەیانەوێت، به‌كار بهێنن، تادێت زۆرتر دەبن.