سەرۆکوەزیرانی پۆڵەندا: ئەوروپا چووەتە ناو دۆخی پێش جەنگ

K24 - هەولێر

دۆناڵد تاسک، سەرۆکوەزیرانی پۆڵەندا هۆشداری دا لەبارەی ئەو مەترسییەی کە ململانێکانی ئۆکرانیا لەسەر ئەوروپا دروستی دەکات و ڕایگەیاند، بۆ یەکەمجارە لە دوای تەواوبوونی جەنگی جیهانی دووەمەوە، کیشوەرەکە چووەتە ناو دۆخی "سەردەمی پێش جەنگەوە".

تاسک بە تۆڕی میدیایی "لینا"ـی ڕاگەیاند، چیدیکە شەڕ چەمکێکی ڕابردوو نییە، بەڵکو ڕاستەقینەیە و زیاتر لە دوو ساڵ لەمەوبەر دەستی پێکردووە، ئەوەی ئێستا ڕوودەدات زۆر جێگەی نیگەرانییە و ئەگەری هەر سیناریۆیەک هەیە، دەشڵێت: "لە ساڵی 1945ەوە دۆخێکی لەم شێوەیەمان نەبینیوە".

سەرۆکوەزیرانی پۆڵەندا باسی لەوەش کرد، دەزانم قسەکە وێرانکەرە، بەتایبەتی بۆ نەوەی گەنج، بەڵام دەبێت بەو ڕاستییە ڕابگەیێنین کە سەردەمێکی نوێ دەستی پێکردووە، سەردەمی پێش جەنگ، "من زیادەڕەوی ناکەم، ڕۆژ بە ڕۆژ کارەکان ڕوونتر دەبێتەوە."

هێرشەکانی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا زیاتر لە دوو ساڵ لەمەوبەر هەستی ئارامی و سەقامگیریی لای سەرکردەکانی ئەوروپا هەژاند، ئەمەش وای کرد زۆرێک لە وڵاتانی ئەوروپی بەرهەمهێنانی چەک خێراتر بکەن بۆ ئەوەی ئەو شتانەی کە پێویست بوو بۆ کیێڤ و هێزەکانی دابینی بکەن.

سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی ئەوروپا کە وڵاتەکەی یەکێک بوو لە دیارترین لایەنگرانی ئۆکرانیا، ڕۆژی هەینی دووپاتی کردەوە، ئەگەر کیێڤ لە شەڕەکەدا بدۆڕێت، هیچ کەسێک لە ئەوروپا هەست بە سەلامەتی ناکات.

تاسک ڕاشیگەیاند، ئەرکی ئێمە پتەوکردنی پەیوەندییەکانە لەڕێگەی ناتۆوە، بەبێ گوێدانە ئەوەی سەرۆکی ئەمەریکا کێیە.