سەرۆك بارزانی: لەژێر هیچ پاساو و بیانوویەك نابێ پاشەكشە بە فەرهەنگی پێكەوەژیان بكرێت

سه‌رۆك بارزانی
سه‌رۆك بارزانی

K24 – هەولێر:

بە بۆنەی جەژنی قیامەی حەزرەتی مەسیح (سڵاوی خودای لێ بێت) و سەری ساڵی نوێ و جەژنەكانی ئەكیتۆ، سه‌رۆك بارزانی په‌یامێكی پیرۆزبایی بڵاوكرده‌وه‌، له‌ به‌شێكیدا ده‌ڵێت، هیواخوازم كولتووری پێكەوەژیان و برایەتی و تەبایی نێوان سەرجەم پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینیەكان كوردستان و عێراق پارێزراو و پتەوتر ببێت. هه‌روه‌ها گوتیشی: "لەژێر هیچ پاساو و بیانوویەك نابێ پاشەكشە بە فەرهەنگی پێكەوەژیان بكرێت".

ده‌قی په‌یامی پیرۆزبایی سه‌رۆك بارزانی بە بۆنەی جەژنی قیامەی حەزرەتی مەسیح (سڵاوی خودای لێ بێت):

بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان

 بە بۆنەی جەژنی قیامەی حەزرەتی مەسیح (سڵاوی خودای لێ بێت) گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی خوشك و برایانی كریستیان لە كوردستان و عێراق و سەرانسەری جیهان دەكەم. هاوكات بەبۆنەی سەری ساڵی نوێ و جەژنەكانی ئەكیتۆ پیرۆزبایی لە گەلی كلدان سریان ئاشووری لە كوردستان و عێراق و هەموو جیهان دەكەم و هیوای خێر و خۆشی و بەختەوەرییان بۆ دەخوازم.

لەو بۆنەیەدا هیواخوازم كولتووری پێكەوەژیان و برایەتی و تەبایی نێوان سەرجەم پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینیەكان كوردستان و عێراق پارێزراو و پتەوتر ببێت و وێڕای دووپاتكردنەوەی پشتیوانیی خۆم بۆ ماف و داوا ڕەواكانی هەموو پێكهاتەكان جەختیش لەوە دەكەمەوە كە لەژێر هیچ پاساو و بیانوویەك نابێ پاشەكشە بە فەرهەنگی پێكەوەژیان و مافی خوشك و برا كریستیانەكان و پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی تری كوردستان و عێراق بكرێت.

مسعود بارزانی

30ی ئاداری 2024

Fly Erbil Advertisment