هۆشیار زێباری: ئازادكردنی بكوژی هیشام هاشمی په‌ڵه‌یه‌كی شه‌رمه‌زارییه بۆ سه‌ر دامه‌زراوه‌ی دادوه‌ریی عێراق

K24 – هەولێر:
هۆشیار زێباری، كه‌سایه‌تی سیاسی كوردستان و عێراق ئازادكردنی بكوژی هیشام هاشمی و ژماره‌یه‌ك تۆمه‌تبار به دزینی زیاتر له دوو ملیار دینار له گه‌نجینه‌ی گشتی به په‌ڵه‌یه‌كی شه‌رمه‌زاری بۆ سه‌ر دامه‌زراوه‌ی دادوه‌ریی عێراق ناو ده‌بات.
ئه‌مڕۆ (شه‌ممه 30ـی ئاداری 2024) هۆشیار زێباری، كه‌سایه‌تی سیاسی كوردستان و عێراق په‌یامێكی له تۆڕی (ئێكس) بڵاو كردووه‌ته‌وه و تێیدا ڕه‌خنه‌ی له ئازادكردنی بكوژی هیشام هاشمی، ڕۆژنامه‌نووس و ژماره‌یه‌ك تۆمه‌تبار به دزینی زیاتر له دوو ملیار دینار له گه‌نجینه‌ی گشتی به په‌ڵه‌یه‌كی شه‌رمه‌زاری بۆ سه‌ر دامه‌زراوه‌ی دادوه‌ری ناو بردووه.
هۆشیار زێباری ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه، ئه‌و په‌ڵه شه‌رمه‌زارییه هه‌ندێك له دامه‌زراوه‌كانی دادوه‌ری ده‌گرێته‌وه كه به‌سیاسی كراون و له گه‌نده‌ڵی تێوه‌گلاون.
هۆشیار زێباری له‌و باره‌یه‌وه به‌یته شیعرێكی شاعیری عه‌ره‌ب (موته‌نه‌بی) هێناوه‌ته‌وه، كه ده‌ڵێت، له تۆدا ناكۆكییه‌ك هه‌یه، كه هه‌ر خۆت نه‌یار و دادوه‌ریت. "ففيك الخصام وانت الخصم والحكم"
هیشام هاشمی شاره‌زا و توێژه‌ره‌وه‌ی بواری هزری توندڕه‌وی و گرووپه تیرۆریستییه‌كان، لە 6/7/2020 له ناوچه‌ی زه‌یونه‌ی به‌غدا درایه به‌ر ده‌ستڕێژی گولـله و تیرۆر كرا.
هاشمی له دایكبووی ساڵی 1973ی شاری به‌غدا بوو. خۆی ته‌رخانكردبوو بۆ لێكۆڵینه‌وه له رێكخراوی داعش و میلیشیا هاوشێوه‌كانی. له 1997ه‌وه چاودێری گرووپ و ره‌وته ئیسلامییه‌كانی عێراقی كردبوو. هه‌روه‌ها شاره‌زا بوو له به‌دواداچوون و ساغكردنه‌وه‌ی كه‌له‌پووری فیقهی و شاره‌زای بواری فه‌رمووده‌ناسی بوو.