چەکدارانی عەسائیب ئەهلیحەق پۆلیسێکی فیدراڵییان کوشت و دووانی دیکەشیان بریندار کرد

K24 - هەولێر
بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، لە ڕۆژئاوای بەغدا چەکدارانی عەسائیب ئەهلیحەق، پەلاماری هێزە ئەمنییەکانی عێراقیان دا. لە رووبەڕووبوونەوەکەدا ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکان کوژراو دووانی دیکەش بریندار بوون.
سەرچاوەیەکی ئەمنیی عێراقی کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت بە چەند میدیایەکی عێراق ڕاگەیاندووە، هێزە ئەمنییەکان بە مەبەستی دەستبەسەرداگرتنی چەند ئۆتۆمبێلێکی نایاسایی چوونەتە ناوچەی کەسەرە و عەتشە، بەڵام چەکدارەکانی عەسائیب نەک هەر ئۆتۆمبێلەکانیان ڕادەست نەکردووە، بەڵکو بە دەستڕێژ پەلاماری ئەندامانی هێزە ئەمنییەکانیان داوە، کە هێزێکی پۆلیسی فیدراڵی بوون.
بە گوتەی سەرچاوەکە، دوای کوژرانی ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکان و برینداربوونی دوو ئەندامی دیکەی پۆلسی فیدراڵی، هێزێکی ئەمنیی زیاتر ڕەوانەی ناوچەکە کراوە بۆ ئەوەی کۆنترۆڵی دۆخەکە بکەن، لەو چوارچێوەیەشدا پێنج کەس بە تۆمەتی تەقەکردن دەستگیر کراون.
هەروەها ئاماژەی داوە، ناوچەکە گەمارۆ دراوە و هێزە ئەمنییەکان بە دوای چەکدارەکاندا دەگەڕێن کە سەر گرووپی میلیشیای عەسائیب ئەهلیحەقن.