لەهەڵبژاردنەکانی تورکیا، سەرنج لەسەر ئیستانبوڵ و ئەنقەرەیە

K24 - هەولێر

شارەزایەکی کاروباری تورکیا دەڵێت، هەم کاندید هەم دەنگدەرانی تورکیا بەبایەخەوە لە هەڵبژاردنەکان دەڕوانن، بەڵام لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ئەو جارە زیاتر سەرنج لەسەر ئیستانبوڵ و ئەنقەرەیە.

ڕەسەن ڕەمزی، شارەزای کاروباری تورکیا، بە کوردستان 24ـی ڕاگەیاند، تورکیا سیستەمێکی ئیدارەی خۆجێی هەیە کە پێویستە چوار ساڵ جارێک هەڵبژاردنێکی بۆ بکات، بەڵام هەرکاتێک هەڵبژاردن دەست پێدەکات دەبێتە هەڵبژاردنی مان و نەمانی تورکیا.

ڕەسەن گوتیشی: هەم کاندید هەم دەنگدەر بەبایەخەوە لە هەڵبژاردنەکان دەڕوانن، بەڵام لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ئەو جارە زیاتر سەرنج لەسەر ئیستانبوڵ و ئەنقەرەیە، "چونکە ئەوەی لەو دوو شارە بەدەست بێت لە ڕووی سایکۆلۆجییەوە بەرامبەر پارتەکەی دیکە پێشینەیەکی هەیە"، بۆیە زیاتر ململانێکان زیاتر لەسەر ئەو دوو شارەن.

ڕەسەن ئاماژەی بەوەش کرد: "جەهەپە" ئێستا پارتێکی شپرزە بوو و دۆڕاوی کۆمەڵێک هەڵبژاردنە، ئەوەی کە تەنها متمانەی بە جەهەپە داوە هەردوو کاندیدەکەی ئەنقەرە و ئیستانبوڵە. بەتایبەت ئەکرەم ئیمام ئۆغلو، دەشڵێت: دەنگدەری کورد لە هەڵبژاردنەکان یەکلاکەرەوەیە، بەڵام ئەو هەڵبژاردنە جیاوازترە.

ئەو شارەزایە جەختی کردەوە، ناکرێت هەندێک پرسی ستراییجیی تورکیا ببەستیەتەوە بە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان، وەکو پرسی کورد یاخود هەندێک پرسی سیاسی دیکە، بەڵام ئەو پەرتبوونەی لە نێوان کورد دا هەیە هەم زیان بە کورد دەگەیێنێت هەم زیان بە ئەکرەم ئیمام ئۆغلو دەگەینێت. تا کار گەیشتە ئەوەی "ئاکپارتی" دەیگوتە کوردەکان یان دەنگ بە پارتەکەی خۆتان بدەن یان دەنگ بە ئاکپارتی بدەن،  لە هەردوو حاڵەتدا  لە ئەکرەم ئیمام ئۆغلو دووریان دەخاتەوە.

ڕەسەن دەشڵێ: دەسپێکردنەوەی پڕۆسەی ئاشتی لە نێوان "ئاکپارتی" و "دەم پارتی" شتێکی وا ئاسان نییە، چونکە مەرجی ئاکپارتی بۆ پرۆسەی ئاشتی ئەوەیە دەبێت "پەکەکە" بەتەواوی چەک دابنێت، ئەوکات دەتوانن هەنگاوێک بچنە پێشەوە.

لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیادا کە ئەمڕۆ بەڕێوەدەچێت، 34 پارتی سیاسیی ڕکابەریی لە سەر مسۆگەرکردنی سەرۆکایەتیی 81 شارەوانیی شارەکان دەکەن کە 30یان گەورە شارەوانین، هاوکات 973 شارەوانیی شارۆچکەکانن و 390 شارەوانییش بۆ شارەدێکانە، هەروەها 336 موختاریش هەڵدەبژێردرێن، بە گشتی 208,000 سەندووقی دەنگدان لە ناوەندەکانی دەنگدان ئامادە کراون.

لەم هەڵبژاردنەدا 61,441,882 هاووڵاتی باکووری کوردستان و خەڵکی تورکیا مافی دەنگدانیان هەیە، لە نێویاندا 1,032,610 کەس یەکەمجارە دەنگ دەدەن.