وه‌زیری پلاندانانی عێراق: پێویسته ئاماده‌كارییه‌كان بۆ ئه‌نجامدانی سه‌رژمێری گشتی له‌كاتی خۆیدا ته‌واوبكرێن

K24 – هەولێر:
له‌پێناو سه‌رخستنی پرۆسه‌ی سه‌رژمێری گشتی له عێراق، وه‌زیری پلاندانانی ئه‌و وڵاته رایگه‌یاند، پێویسته ئاماده‌كارییه‌كان بۆ ئه‌نجامدانی سه‌رژمێری گشتی ته‌واوبكرێن.
به گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی وه‌زاره‌تی پلاندانانی عێراق، ئه‌مڕۆ (یه‌كشه‌ممه 31ـی ئاداری 2024) محه‌ممه‌د عه‌لی ته‌میم وه‌زیری پلاندانانی عێراق له‌میانه‌ی كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا جه‌ختی له ته‌واوكردنی ته‌واوی ئاماده‌كارییه‌كان بۆ ئه‌نجامدانی سه‌رژمێری گشتی كرده‌وه.
هه‌روه‌ها له كۆبووه‌نه‌وه‌كه‌دا وه‌زیری پلاندانانی عێراق راشیگه‌یاند، بۆ ئه‌وه‌ی پرۆسه‌ی سه‌رژمێری گشتی له‌كاتی خۆیدا به‌ڕێوه‌بچێت، پێویسته هه‌موو ئاماده‌كارییه‌كان ته‌واو بكرێن و كه بریتیین له راهێنانپێكردنی كادیران له ته‌واوی پارێزگاكانی عێراق و هه‌روه‌ها هه‌ماهه‌نگییكردن له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی عێراق بۆ ناونووسكردنی ئه‌و مامۆستایانه‌ی كه له پرۆسه‌كه‌دا به‌شدار ده‌بن.
هه‌روه‌ها له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی پلانداناندا ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو، پێویسته هه‌موو كارێك بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رژمێری گشتی له كاتی خۆیدا ئه‌نجام بدرێت.
پێشتریش عه‌بدولزه‌هره هینداوی، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی پلاندانانی عێراق ئاشكرایكردبوو، بۆ ئه‌نجامدانی سه‌رژمێری گشتی دانیشتوان، هه‌ماهه‌نگییه‌كی زۆر باشیان له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ی ئاماری هه‌رێمی كوردستان و هاوبه‌شه‌كانیان هه‌یه.
26 ساڵه سه‌رژمێری گشتی دانیشتوان له عێراق ئه‌نجام نه‌دراوه، دوایین سه‌رژمێری گشتی له‌ساڵی 1997 له‌كۆی 15 پارێزگای عێراق به‌ڕێوه‌چووه، له‌ئێستادا حكومه‌تی عێراق پێداگیری له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی سه‌رژمێری گشتی دانیشتوان ده‌كاته‌وه و رایده‌گه‌یه‌نێت، له ساڵی 2024 پرۆسه‌كه به‌ڕێوه ده‌چێت.