لەماوەی ساڵێکدا 10 هەزار کەس بە نایاسایی هاتوونەتە عێراق

عێراق، منداڵێک لە پشتی تەلبەندێکەوە - وێنە: Unsplash
عێراق، منداڵێک لە پشتی تەلبەندێکەوە - وێنە: Unsplash

K24 – هەولێر:

سەنتەری ستراتیژی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق بڵاویکردەوە، لە ساڵی 2023ـوە، زیاتر لە 10 هەزار کەس کە بە نایاسایی هاتوونەتە عێراقەوە و دەستگیرکراون، دواتریش رەوانەی وڵاتەکانی خۆیان کراونەتەوە.

سەنتەری ستراتیژی مافەکانی مرۆڤ رایگەیاندووە، مافیاکانی بازرگانی بە مرۆڤ لەژێر ناوی گەشتیاری و سەردانیکردنی شوێنە ئایینییەکان، هاووڵاتییانی وڵاتانی دیکە دەهێننە عێراق و دواتر بازرگانیان پێوەدەکەن و دەیانفرۆشنەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەو سەنتەرە، زۆرینەی ئەو کەسانەی بە قاچاخ و بۆ مەبەستی جیاواز دەهێنرێنە عێراق، هاووڵاتی بەنگلادیش و وڵاتانی دیکەی ئاسیان.

ئەو سەنتەرە ئاماژەی بەوەشداوە، بازرگانیکردن بە مرۆڤ لە عێراق بەردەوامە، بەپێێ راپۆرتەکانیان ژمارەی ئەو کەسانەی لە ماوەی رابردوودا بەرێگەی قاچاخ هێندراونەتە عێراق نزیکە لە نیو ملیۆن کەس.

بەهۆی ئەو بارودۆخیە ئەمنی، ئابووری و سیاسییەی لە عێراقدا هەیە بەهۆی باڵادەستی گرووپە چەکدارەکان لە ناوچە سنوورییەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، پرۆسەی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە بۆ مەبەستی جیاواز لە دوای ساڵی 2003ـەوە بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤیش لەسەر ئاستی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی هۆشدارییان لەوبارەیەوە داوە.

ساڵی 2021 بۆ یەکەمجار، حکومەتی عێراقی جۆری تاوانەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤی لە وڵاتەکەی ئاشکرا کرد و رایگەیاند، کە لێکۆڵینەوە لەگەڵ 169 کەس بە تۆمەتی بازرگانیکردن بۆ مەبەستی سێکس و 14 کەسی دیکەش بە تۆمەتی کارپێکردنی بەزۆر، ئەنجامداوە.

هەرچەندە لە ساڵی 2012، پەرلەمانی عێراق یاسایەکی تایبەتی بۆ رێگریکردن لە بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە دەرکرد، ئەمەش دوای ئەوە هات کە دیاردەکانی کارپێکردنی منداڵان، سواڵکردن، ناچارکردنی ئافرەتان بە کارکردن لە گرووپەکانی لەشفرۆشی و بازرگانیکردن بە ئەندامەکانی جەستەی مرۆڤەوە زیادیکرد و بووە جێگەی نیگەرانی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ.