ڕۆژنامەیەک: پێشبینی دەکرێت لەسەرەتای هاویندا ئۆکرانیا بڕووخێت

K24- هەولێر

ڕۆژنامەی "زە ستاندارد"ـی بەریتانی بڵاوی کردووەتەوە و پێشبینی دەکات هێزەکانی ئۆکرانیا لە سەرەتای هاوینی داهاتوودا دەڕووخێن، ئەمەش لە ئەنجامی ئەو زەبرانەی لە لایەن سوپای ڕووسیاوە بەریان دەکەوێت. هەروەها بەرەی ڕۆژئاواش درزی تێکەوتووە کە بەهۆی پشتیوانی کیێڤەوە ماندوو بوون.

ڕۆژنامەکە نووسیویەتی: "هاوپەیمانانی ڕۆژئاوا زیاتر هەست بەوە دەکەن کە ئۆکرانیا لە ململانێی سەربازی لەگەڵ ڕووسیادا دۆڕاوە، ڕەنگە تا سەرەتای هاوینی داهاتوو بڕووخێت".

ئاماژەی بەوەش کردووە، سوپای ڕووسیا بەدرێژایی بەرەکانی شەڕ گورزی کوشندە لە هێزەکانی ئۆکرانیا دەدات، لەکاتێکدا هێزەکانی ئۆکرانیا ماندوو و بێزاربوونە.

ئاماژەی بەوەش کرد، ڕۆژئاوا پشتیوانییەکانی بۆ ئۆکرانیا کەمتر بووەتەوە، لەکاتێکدا هەندێک لە وڵاتەکان دەیانەوێت لەڕێگەی دانوستانەوە کۆتایی بە ململانێکان بهێنن.

ڕۆژنامەکە لە کۆتاییدا دەڵێت: بەداخەوە ئەو نیشانانەی لە ئۆکرانیا دەیبینین ئاماژەن بۆ دۆڕان.

لە مانگی شوباتی 2022، ڕووسیا هێرشی کردە سەر ئۆکرانیا و بەشێکی خاکی ئەو وڵاتەی داگیر کرد و دەیان هەزار کەسیش کوژراون، هەروەها بەملیۆنان ئۆکرانیش ئاوارەی دەرەوە بوون.

Fly Erbil Advertisment