هۆشدارییەکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی ئەتۆم، ئێران توڕە دەکات

K24 - هەولێر

هۆشدارییەکەی سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم "ڕافائیل گرۆسی" دژی دووبارەکردنەوەی سیناریۆی عێراق، ئێرانی تووڕە کردووە.

گرۆسی، بە کەناڵی "بی بی ئێس"ـی ئەمەریکی ڕاگەیاند، نیگەرانە لەسەر زیادبوونی توانا ناوەکییەکانی ئێران و ئاماژەی بەوە دا، بابەتی چالاکییە ناوەکییەکانی ئێران "زۆر ئاڵۆزە"، گوتیشی "زۆر لایەن هەیە، پەیوەستن بە بڕی یۆرانیۆمی پیتێنراو، ئەوەش زۆر گرنگە چونکە ئەمە ئەو ماددەیەیە کە چەکی ئەتۆمی لێ دروست دەکرێت."

ئاژانسی هەواڵی "تەسنیم"ـی سەر بە سوپای پاسداران بڵاوی کردەوە و ڕایگەیاند، "گرۆسی، داواکارییەکانی خۆی دژی بەرنامە ئەتۆمییە ئاشتیخوازەکەی ئێران دووبارە کردەوە" هەروەها گرۆسی، ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی بە بێ کاریگەر ناو برد".

ئاژانسە ئێرانییەکە، بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتیی ئەتۆمی تۆمەتبار دەکات بەوەی "هەوڵ دەدات داوای دۆسییەکانی ئێران بکات، جگە لە ڕێککەوتنی پاراستن و پەیماننامەی بڵاونەبوونەوەی چەکی ئەتۆمی".

لەلایەکی دیکەوە، ڕۆژنامەی "نور نیوز" کە سەر بە "ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی"ی ئێرانییە، گرۆسی تۆمەتبار کرد بە پشتگوێخستنی ڕۆڵی ئەمەریکا و وڵاتانی ئەوروپا لە ڕێکەوتنە ئەتۆمییەکە و ئەو وڵاتانەی بە بەرپرسیار زانی لە گۆڕینی ڕێکەوتنەکە، دەشڵێت: "گرۆسی جارێکی دیکە کارەکە بە سیاسی دەکات."

ئاژانسەکە جەختیش دەکاتەوە، "لێدوانەکانی گرۆسی لە ڕێگا تەکنیکی و یاساییەکان دوورمان دەکاتەوە، بەرەو هەڵوێستێکی سیاسی" دەشڵێت: ئێران هەمیشە باوەڕی بەوە هەبووە کە پێویستە ناکۆکییەکان و لێکتێگەیشتنەکان لە ڕێگەی دیالۆگ و کارلێکی بنیاتنەرانە لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم چارە بکرێن."

مانگی ڕابردوو ئاژانسی نێودەوڵەتیی ئەتۆمی ڕایگەیاند: ئێران یۆرانیۆمی چەکی کەم کردەوە لە کاتێکدا بەرنامە ناوەکییەکەی فراوانتر دەکات، ئەمەریکاش هەڕەشەی هەنگاوی داهاتووی دژ بە ئێران دەکات ئەگەر تاران بەردەوام بێت لە "ڕێگرتن" لە کارەکانی ئاژانسەکە و ڕەتکردنەوەی هاوکاری لەگەڵیدا.

گرۆسی بە کەناڵی "بی بی ئێس"ـی ئەمەریکی ڕاگەیاند، کە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی " ڕاپۆرتی کۆگای ڕاستەقینەی یۆرانیۆمی پیتێنراو دەدات، بەبێ هیچ گومانێک". جەختی لەوەش کردەوە، کاری گشتیی لە بەرنامەی ئێراندا، زیادکردنی ماددە ناوەکییە پیتێنراوەکانە.

گرۆسی گوتیشی: "توانای پشکنەرانی ئەتۆمی لە دامەزراوەکانی ئێران بە بەردەوامی کەمی کردووە، ئێمە پشکنین دەکەین، بەڵام لە ئاست و قووڵیدا نییە کە لەگەڵ سروشتی ئەم کێشەیە بگونجێت".