موختاری گوندێکی باکووری کوردستان بە تیروپشک دیاری کرا

هەڵبژاردنی موختاری گوندەکە (وێنە: IHA)
هەڵبژاردنی موختاری گوندەکە (وێنە: IHA)

K24 - هەولێر

لە گوندی گیرلەڤیک سەر بە پارێزگای ئەرزینجانی باکووری کوردستان، دوای ئەوەی دوو کاندیدی ئافرەت ژمارەی دەنگەکانیان یەکسان بوو، بە تیروپشک موختار دیاری کرا.

لە گوندی گیرلەڤیک 12 دەنگدەر بۆ هەڵبژاردنی موختاری گوند، کە دوو کاندیدی ئافرەت ڕکابەرییان بۆ دەکرد، دەنگیان دا. دوای جیاکردنەوەی دەنگەکان دەرکەوت لە کۆی 12 دەنگ، ئەدانور ئاکباش شەش دەنگ و ڕوقیە توتان شەش دەنگی بەدەست هێناوە. بەمەش ژمارەی دەنگەکانی هەردوو لا یەکسان بوو.

بەرپرسی سندووقی دەنگدانەکە کەسێکی دەستنیشان کرد بۆ ئەوەی بە تیروپشک موختاری نوێی گوند دیاری بکات. ئەدانور ئاکباش کە ناوی لە تیروپشکەکەدا دەرچوو بە موختاری نوێی گوندەکە دیاری کرا.

بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە، 31-03-2024، هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە باکووری کوردستان و تورکیا دەستی پێکرد؛ سەدا 99.8ـی دەنگەکان جیاکراونەتەوە و بە گوێرەی ئەنجامە بەراییەکان، جەهەپە پلەی یەکەمی گرتووە، پێش ئاکپارتی کەوتووە و سەدا 37.74ـی دەنگەکانی بەدەست هێناوە.

لە کۆی 30 گەورەشارەوانیی تورکیا و باکووری کوردستان، جەهەپە 14 گەورەشارەوانیی بەدەست هێناوە و بە دوو گەورەشارەوانیی زیاتر پێش پارتەکەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کەوتووە کە ئاک پارتییە. لە هەردوو گەورە شارەوانیی ئەنقەرە و ئیستانبوڵ، کاندیدانی جەهەپە لە هەڵبژاردنەکەدا سەرکەوتوون و سەرۆک شارەوانییەکانیان مسۆگەر کردووە.

هەرچی پەیوەستە بە پارتە کوردییەکانیش؛ دەم پارتی لە 10 شاری باکووری کوردستان پێشەنگە؛ شارەکان بریتین لە: ئیدیر، ئامەد، وان، سێرت، مێردین، دێرسم، ئێلیهـ، مووش، جۆلەمێرگ و ئاگری.

Fly Erbil Advertisment