تره‌مپ درۆی نیسان له‌گه‌ڵ لایه‌نگران و هه‌وادارانی ده‌كات

دۆناڵد تره‌مپ
دۆناڵد تره‌مپ

K24 – هەولێر:

سه‌رۆكی پێشووی ئه‌مه‌ریكا له‌ یه‌كی نیسان له‌ ڕێگه‌ی كورته‌نامه‌یه‌كدا درۆیه‌ك له‌گه‌ڵ هه‌وادارانی ده‌كات و دواتر له‌ ڕێگه‌ی په‌یامێكی دیكه‌وه‌، درۆیه‌كه‌ی ڕه‌ت ده‌كاته‌وه‌.

ئه‌مڕۆ (دووشه‌ممه‌ 1ـی نیسانی 2024) دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا بە ناردنی پەیامێکی بۆ لایەنگرانی شۆكێكی دروست کرد و گوتی "هەڵمەتی هه‌ڵبژاردن هه‌ڵده‌په‌سێرم"، دواتر دەرکەوت درۆی نیسانه‌ و لە ڕاستیدا ئامانجی کۆکردنەوەی بڕه‌ پارەیه‌كی دیكه‌ بوو بۆ هەڵمەتەکەی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کە بڕیارە لە مانگی تشرینی دووه‌می ئه‌مساڵ بەڕێوەبچێت.

سەرۆکی پێشووی کۆمارییەکان کە هەوڵی شکستپێهێنانی جۆ بایدن، سەرۆکی دیموکراتەکان ده‌دات، ئەم پەیامەی لە ڕێگەی ئیمەیڵ و لە ڕێگەی کورتەنامەیەکەوە بۆ دەنگدەرانی خۆی ناردووە، کە هاوپێچ کراوە لەگەڵ لینکێکدا.

دوای کلیککردن لەسەری، وەرگرانی پەیامەکە دەگەنە سایتێک کە بانگهێشتیان دەکات بۆ بەخشینی پێنج ملیۆن و نیو دۆلار، یان سێ هه‌زار و سێ سه‌د دۆلار بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردنی ترەمپ.

لە سایتەکەدا بە پیتی گەورە نووسیویەتی "بەڕاستی پێت وابوو هەڵمەتەکەم هەڵپەسێرم؟ ئەوە درۆی نیسانە!"

چەند ساڵێکە دەنگدەرانی ئەمریکی کۆمەڵێک نامەی کورت و ئیمەیڵ و پەیوەندی تەلەفۆنییان پێ دەگات کە بانگهێشتیان دەکات بۆ ئەوەی بەشداری دارایی لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنەکاندا بکەن.