ئاسایشی ڕووسیا: دەستی بەسەر بڕێکی زۆر تەقەمەنی ئۆکرانیا داگرت

K24 - هەولێر

ئاسایشی فیدراڵی ڕووسیا پووچەڵکردنەوەی بە قاچاخبردنی بڕێکی زۆر لە تەقەمەنی ڕاگەیاند، کە هەواڵگری کیێڤ هەوڵیداوە لە ڕێگەی یەکێتی ئەوروپاوە بیهێننە ناو ڕووسیا.

لە ڕاگەیەندراوێکی دەزگای ئاسایشی ڕووسیادا هاتووە: "دەزگای ئاسایشی فیدراڵی ڕووسیا بە هاوکاری گومرگ توانی ڕێگری بکات لە قاچاخهێنانی تەقەمەنی لە ئۆکرانیا لە ڕێگەی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپاوە بۆ ناو ڕووسیا".

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە: لە کاتی گەڕان بەدوای یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکان لە دەروازەی ئۆپلینکا لەگەڵ لاتڤیا، تەقەمەنی دروستکراوی وڵاتانی دەرەوەی دۆزرایەوە کە لە ئۆکرانیاوە هاتبوون.

ئاماژە بەوەشکراوە، کە 27 بۆمبی چێندراو و ٧٠ کیلۆ تەقەمەنی و 91 گوللـەی ئار پی جی، لە ناو بارهەڵگرێکدا دۆزراوەتەوە کە ڕێگاکەی ئۆکرانیا - ڕۆمانیا - هەنگاریا - سلۆڤاکیا - پۆڵەندا - لیتوانیا - لاتڤیا - ڕووسیا بووە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا پشتڕاستکراوەتەوە ئەو کەسانە دەستگیرکراون کە ڕێکخەران و هاوکار بوون لە پرۆسەی گواستنەوەی تەقەمەنییەکان لە ئۆکرانیاوە بۆ ڕووسیا.

Fly Erbil Advertisment