مقاوەمەی ئیسلامی هەڕەشەی دەستپێکردنەوەی چالاکییەکانی دژی ئەمەریکا و ئیسرائیل دەکات
K24 - هەولێر
دوای هێرشەکەی ئیسرائیل بۆسەر کونسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق و کوژرانی ژمارەیەک ئەندامی سوپای پاسداران و ملیشیاکان، بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی هەڕەشەی دەستپێکردنەوەی چالاکییەکانی دژی ئەمەریکا و ئیسرائیل دەکات.
ماوەی دوو مانگ ئاگربەستی رانەگەیەندراو لەنێوان میلیشیاکانی نزیک لە ئێران لە عێراق و سووریا لەگەڵ ئەمەریکا هەبووە، بەڵام وەشاندنی گورزی سەربازی لەلایەن ئیسرائیل و کوشتنی هەشت ئەندامی سوپای پاسداران و میلیشیاکانی سەر بە ئێران کە دووانیان بەرپرسی باڵا بوون لە دیمەشق، پێدەچێت خاڵی کۆتایی ئەو هێمنایەتییە بێت و جارێکی دیکە دۆخی عێراق و سووریا بشڵقێتەوە.
ئەبو ئالائی وەلائی، ئەمینداری کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا و یەکێک لە سیما دیارەکانی بەرەی مقاوەمە بە بڵاوکردنەوەی ئایەتێک هەڕەشەی تۆڵەی کوژرانی دوو بەرپرسە باڵاکەی سوپای پاسداران دەکات. هەڕەشەکانی ئەبوو ئالائی وەلائی پێشبینی ئەوەیان لێ دەکرێت ببنە کڵپەی ئاگری هێرشی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر بنکەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سووریا، چونکە ئەو گرووپانە نزیکییان لە ئێران نەشاردووەتەوە.
ئاماژەکان بەو ئاڕاستەیەن چەند سیناریۆیەک لە بەردەم ئێراندا هەن بۆ وەڵامدانەوەی هێرشی سەر کونسوڵخانەکەی لە دیمەشق و کوژرانی بەرپرسەکانی سوپای پاسداران کە گرنگترینیان خۆی دەبینێتەوە لە، دەسپێکردنەوەی هێرشەکانی میلیشیاکان بۆسەر بنکەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سووریا، تەنەنات ئەگەر هەیە ئەم جارە گرووپە چەکدارەکان هێرش بۆ سەر خاکی ئیسرائیلیش چڕبکەنەوە.
یەکێکی دیکە لە سیناریۆکان وەڵامدانەوەی ئێران بۆ هێرشەکانی ئیسرائیل، هاندانی حیزبوڵڵای لوبنانییە بۆ زیاتر چوونە قوڵایی شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل و فراوانکردنی هێرشەکانییەتی لە باکوورەوە بۆسەر تەلئەڤیڤ.
ئەگەرێکی لاوازیش هەیە بۆ هێرشی راستەوخۆی ئیسرائیل لەلایەن ئێرانەوە، بەڵام کەمتر رێگەی تێدەچێت؛ چونکە لە چەند دەیەی رابردوودا ئێران دەست و پەنجەی لەگەڵ بەکارهێنانی گرووپە چەکدارە میلیشیاکان بۆ بەرگریکردن لە بەرژوەندییەکانی و بەکارهێنانیان بۆ وەڵامدانەوەی نەیارەکانی نەرمکردووە، هەر بۆیە چاوەڕوان دەکرێت جارێکی دیکە ئێران کارتی گرووپە چەکدارەکان بەکاربهێنێتەوە مەیدانی بەکارهێنانی ئەو کارتەش عێراق، سووریا، یەمەن و لوبنان دەبن.