حکوومەتی عێراق مانگانە ملیۆنان دۆلار لە کرێکارانی بیانی خەرج دەکات

K24 - هەولێر
رێژەی بێکاریی لە عێراق لە هەڵکشاندایە و سەرەڕای بوونی هەزاران گەنجی بێکار لە وڵاتەکەدا، کەچی حکوومەت مانگانە ملیۆنان دۆلار لە کرێکارانی بیانی خەرج دەکات.
عێراق، بەهەشتی بێگانە و دۆزەخی خانهخوێ. ئەو وڵاتەی کە دەتوانرێت بە داهاتەکەی گەنجان و هاووڵاتیانی بکاتە یەکێک لە بەختەوەرترین گەلانی جیهان، بەڵام ڕێک پێچەوانەکەی ڕوودەدات.
سەرەڕای هەزاران گەنجی بێکار لە عێراقدا، کەچی حکوومەت مانگانە ملیۆنان دۆلار لە کرێکارانی بیانی خەرج دەکات.
بە گوێرەی دوایین ئامارەکان، ڕێژەی بێکاریی لە عێراق لە هەڵکشاندایە و زیاتر لە 6 ملیۆن هاووڵاتی و دەرچووی زانکۆ و پەیمانگاکان لە عێراق بێ ئیشوکارن.
بەڵام وەک مهزههر محهمهد ساڵح، ڕاوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی پێ داوە، لە عێراقدا زیاتر لە 71 هەزار کرێکاری بیانی هەن کە حکوومەت مانگانە نزیکەی 200 ملیۆن دۆلار لە کاروبار و ڕێوشوێنی گواستنەوەیاندا خەرج دەکات.
ئەمەش لەکاتێکدایە، وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاند، بەشێکی زۆری ئەو کرێکارە بیانییانەی هێنراونەتە عێراقەوە نایاسایین و پێچەوانەی مەرجەکانی نیشینگەن. حەیدەر قورەیشی، ئەندامی تیمی نەتەوەیی دژە ماددەی هۆشبەر لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، به کوردستان24ی ڕاگەیاندووه، بێکاریی، یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی سەرگەردان بوون و زیادبوونی بەکارهێنەرانی ماددەی هۆشبەر لە نێو گەنجانی عێراقدا.
بەگوێرەی داتاکانی وەزارەتی پلاندانان، دانیشتووانی تەمەن 15 ساڵ و سەروتر، نزیکەی سەدا 64ـی کۆی دانیشتووانی عێراق پێکدەهێنن، ئەوەش نیگەرانیی لەمەڕ ڕێژەی بێکاری لەناو گەنجاندا زیاتر دەکات.
لە کارنامەی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراقیشدا، هاوشێوەی کابینەکانی پێشوو، چەندین خاڵی پهیوهست بە کەمکردنەوەی ڕێژەی بێکاری و دابینکردنی دەرفەتی کاری لە خۆگرتبوو، بەڵام وەک چاودێران دەڵێن، هیچ کام لە کابینەکانی حکوومەتی عێراق لە چارەکردنی ئەو قەیرانە سەرکەوتوو نەبوون.