ئەمەریکا بە بەهای 18 ملیار دۆلار فڕۆکە و چەک بە ئیسرائیل دەفرۆشێت

K24- هەولێر

سێ سەرچاوەی ئاگادار، ڕایانگەیاند، ئیدارەی جۆو بایدن، بیر لە پەسەندکردنی فرۆشتنی چەک بە ئیسرائیل دەکاتەوە بە بەهای 18 ملیار دۆلار، کە دەیان فڕۆکەی جەنگی ئێف 15 و تەقەمەنی تێدایە.

یەکێک لەو سەرچاوانە ئاشکرای کرد کە فرۆشتنی 25 فڕۆکەی ئێف 15 بە ئیسرائیل لەژێر پێداچوونەوەدایە، کە ئەمەریکا لە مانگی یەکی ساڵی 2023دا داوایەکی فەرمی لەو بارەیەوە پێگەیشتووە.

بەگوێرەی تۆڕی هەواڵی "سی ئێن ئێن"ـی ئەمەریکی، ئەم گرێبەستە گەورەترین گرێبەستی فرۆشتنی سەربازی ئەمەریکا دەبێت بۆ ئیسرائیل.

ڕێککەوتنە چاوەڕوانکراوەکە لە کاتێکدایە کە بڕیارە ئیدارەی ئەمەریکا کۆنگرێس لە فرۆشتنی بڕێکی زۆر تەقەمەنی بە ئیسرائیل ئاگادار بکاتەوە.

سی ئێن ئێن ڕوونی کردەوە، "گرێبەستی فرۆشتنی فڕۆکەی ئێف 15 بە بەهای 18 ملیار دۆلار بە گرێبەستێکی گەورە دادەنرێت کە پێویستی بە ئاگادارکردنەوەی کۆنگرێس هەیە. هەروەها ئیدارەی کۆنگرێس بە شێوەیەکی نافەرمی لە کۆتایی مانگی یەکی ئەمساڵ لیژنەکانی کاروباری دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پیرانی ئاگادار کردووەتەوە".

 

Fly Erbil Advertisment