سەرۆکی کۆمەڵەی ئۆتیزمی کوردستان: ڕێژەی ئۆتیزم لە زیاد بووندایە و هۆکارەکەشی دیار نییە

"ئێستا لە تەندروستی جیهانیش پشتڕاست نەکراوەتەوە کە هۆکاری سەرەکی نەخۆشیەکە چییە"

K24 - هەولێر

سەرۆکی کۆمەڵەی ئۆتیزمی کوردستان ڕایگەیاند، ، لەهەموو جیهاندا ڕێژەی ئۆتیزم لە زیاد بووندایە، تا ئێستاش نازانین هۆکاری تووشبوون بە ئۆتیزم چیە.

کەمال جەباری، سەرۆکی کۆمەڵەی ئۆتیزمی کوردستان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لەهەموو جیهاندا ڕێژەی ئۆتیزم لە زیاد بووندایە، تا ئێستاش نازانین هۆکاری تووشبوون بە ئۆتیزم چیە، وەکو نەخۆشیەکانی شێرپەنجە و ئەونەخۆشیانەی سەرچاوەکانیان نادیارە، بۆیە هەندێک دەڵێن، ئۆتیزم بەهۆی پیسبوونی ژینگە و کەشوهەوا، نەشتەرگەری قەیسەری ئافرەتان کە منداڵیان دەبێت، بۆ ماوەیی، وە هەندێکیش هۆکارەکەی دەگێڕنەوە بۆ کوتان.

ئاماژەی بەوەشکرد، ڕاستە ڕێژەکە لە هەڵکشانە، بەڵام دەبێت بپرسین چی بۆ توشبووانی ئۆتیزم کراوە لە هەرێمی کوردستان، بۆیە من دەڵێم لەو کەیسە زۆر لەدواوەین، دەبوایە چەندین سەرنتەری حکوومی پڕۆفیشناڵمان لە هەموو پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان هەبووایە. بۆ ئەوەی بتوانین ئەو لێشاوە ئۆتیزمەی کە هەیە کۆنتڕۆڵی بکەین و بەڕاهێنان و شیاندن بیانهێنینەوە ناو کۆمەڵگا.

کەمال جەباری باسی لەوەشکرد، پێم وایە بۆماوەیی و ژینگە و منداڵبوون بەنەشتەرگەری قەیسەری  هۆکارن لە دروستبوونی منداڵی ئۆتیزم، بەڵام تا ئێستا لە تەندروستی جیهانیش پشتڕاست نەکراوەتەوە کە هۆکاری سەرەکی نەخۆشیەکە چییە تاکو چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە.

گوتیشی: ئێمە وەکو کۆمەڵەی ئۆتیزمی کوردستان ساڵانە بە وۆرکشۆپ و کۆنفرانس و لێدوانی ڕۆژنامەوانی و کۆمەڵێک ڕێگەی جیاواز هەوڵمانداوە کۆمەڵگە هۆشیار بکەینەوە، بۆیە بۆهشئارکردنەوە پێویستە وەزارەتی تەندروستی و ئەوقاف بێنە سەر خەت، تەنها بە وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی ناکرێت هاووڵاتیان هۆشیار بکاتەوە. هەروەها دەبێت لە بواری پەروەردە وەکو پرۆگرام بخوێندرێت.

Fly Erbil Advertisment