پەرلەمانتارێک: کواڵێتی بەنزینی "موحەسەن" لە پشکنین دەرنەچووە

وێستگەیەکی بەنزین
وێستگەیەکی بەنزین

K24 - هەولێر

ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، کواڵێتی بەنزینی "موحەسەن" لە پشکنینی تایبەت دەرنەچووە و ئۆکتانەکەشی نزمە.

حوسێن موئەنەس، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، لە یەکێک لە تاقیگە تایبەتەکان پشکنیان بۆ بەنزینی "موحەسەن و نۆڕماڵ" کردووە، لە ئەنجامی پشکنینەکە دەرکەوتووە، کە ئۆکتانی بەنزینی نۆرماڵ 81 یەو کێشەی نییە.

موئەنەس ئاماژەی بەوەشکرد، "لەکاتی پشکنینەکەدا دەرکەوت کە بەنزینی موحەسەن کێشەی هەیە و ئۆکتانەکەی 89 یە، کە ئەمەش کەمترین ڕێژەیە، واتە بەنزینە موحەسەنەکە، موحەسەن نییە".

دەشڵێت: "دەبێت ئەو کوتلە سیاسییانەی لەحکوومەتن دەبێت هەڵوێستی خۆیان ڕوون بکەنەوە، نابێت تەبها لەدەسکەوت لەگەڵ حکوومەت بن".

ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، لە 26ـی ئاداری 2024، بڕیاریدا نرخی یەک لیتر بەنزینی موحەسەن لە 650 دینارەوە بەرزبکاتەوە بۆ 850 دینار، هەروەها بەنزینی سوپەر لە 1000 دینارەوە بکاتە 1250 دینار، بڕیارەکەش لە 1 ئایار دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.