ڕووسیا ئامێرێک بۆ لەکارخستنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دروست دەکات

K24 – هەولێر:
ڕێکخراوی خۆبەخشی ڕووسیا "ئێلتێک یوگ" ئامارێکی نوێیان دروست کردووە کە کۆنترۆڵی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەکات و ناچار بە نیشتنەوەیان دەکات.
ئەلێکساندەر کامێن، خاوەنی دامەزراوەکە، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کردووە، خۆبەخشەکان ئامێرێکی نوێیان داهێناوە کە یارمەتیی سەربازانی ڕووسیا دەدات کۆنترۆڵی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بکەن، لەکاتی بەرکەوتنی ئەم ئامێرە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان وادەکات پاتریەکەی بمرێت و تەنانەت نەتوانێت زانیاریش بنێرێت.
ناوبراو ئەوەشی ڕاگەیاند، کارکردن بۆ دروستکردنی ئەم ئامێرە نزیکەی شەش مانگی خەیاند، بەڵام دەبێتە دەستپێکێکی باش بۆ ئەوەی لەمەودوا بتوانین کۆنترۆڵی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی دووژمن بکەین و لەناویان ببەین.
لای خۆیەوە یوری لیامین، شارەزایەکی بواری سەربازی بە ڕۆژنامەی ئەزڤیستیای ڕووسیای ڕاگەیاند، ئێستا ململانێ لەنێوان فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە ناوچەی شەڕدا هەیە، هاوشێوەی ململانێی نێوان شمشێر و قەڵغان، بۆیە ئەم جۆرە داهێنانانە لە کات و ساتێکی وەک ئێستا پێویستن.
ئەو شارەزا سەربازییە ئاماژەی بەوەدا، ئەو دامەزراوەی کە ئەم ئامێرەی داهێناوە، قازانجنەویستە و ئامانجی دابینکردنی ئامێرەکە بۆ هێزە چەکدارەکانی ڕووسیا، کۆنترۆڵکردنی چالاکییەکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانە.