ئەو ڕێکخراوە مرۆییەی کارمەندەکانی کوژران، کارەکانی لە غەززە ڕاگرت

پاسپۆرتی کارمەندە بیانییە کوژراوەکان لە غەززە - وێنە: AA
پاسپۆرتی کارمەندە بیانییە کوژراوەکان لە غەززە - وێنە: AA

K24 – هەولێر:

ڕێکخراوی چێشتخانەی ناوەندیی جیهانی، کوژرانی حەوت کارمەندی ڕێکخراوەکەیانی لە کەرتی غەززە پشتڕاست کردەوە و ڕایگەیاند، کارمەندەکان خەڵکی ئوسترالیا، بەریتانیا، پۆلەندا، کەنەدا، ئەمەریکا و فەڵەستینن و دوای ئەو ڕووداوەش، تەواوی کارە مرۆییەکانیان لە کەرتی غەززە ڕادەگرن.

ڕێکخراوەکە ئاماژە بەوەش دەدات، تیمەکانیان دوای گەیاندنی زیاتر لە 100 تۆن هاوکاریی مرۆیی و لە کاتی گەڕانەوە لە دێر ئەل بەلح کراونەتە ئامانج.

ئێرین گۆری، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ڕێکخراوەکە ڕایگەیاند، پێشتر هاوئاهەنگییان لەگەڵ سوپای ئیسرائیل کردووە و لۆگۆی ڕێکخراوەکەش لەسەر ئۆتۆمبێلەکانیان بووە.

بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ڕێکخراوی چێشتخانەی ناوەندیی جیهانی ئاماژەی بەوەش کرد: دوای هێرشەکەی ئیسرائیل، تەواوی کارە مرۆییەکانیان لە کەرتی غەززە ڕادەگرن.

لەلایەن خۆیەوە، بنیامین ناتانیاهو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، ڕووداوەکە تراجیدییە و هێزەکانیان بە بێ مەبەست و بێ ویست خەڵکی سڤیلیان کردووەتە ئامانج، هەروەها وەزیری بەرگری ئیسرائیلیش لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی لە ڕووداوەکە پێکهێنا.

پێشتریش دەسەڵاتدارێتی فەڵەستینی داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کرد، ئەو "کردەوە قێزەونە" ئیدانە بکەن و هەنگاو بنێن بۆ کۆتاییهێنان بە "تاوانەکانی دەستدرێژی و داگیرکاری دژی گەلی فەڵەستین لە کەرتی غەززە".

179 ڕۆژ بەسەر دەستپێکی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە تێدەپەڕێت و بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی لە کەرتی غەززە لە 7ـی تشرینی یەکەمی 2023ـەوە تاوەکو ئێستا، ژمارەی کوژراوە فەڵەستینییەکان گەیشتووەتە 32 هەزار و 916 کەس و ژمارەی بریندارانیش بریتییە لە 70 هەزار و 494 کەس.

Fly Erbil Advertisment