میدیای ئیسپانیا پێداگریی حكوومه‌تەکەی بۆ داننان به ده‌وڵه‌تی فه‌ڵه‌ستین دووپات ده‌كاته‌وه

K24 - هەولێر:
میدیای ئیسپانیا ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن سه‌رۆكوه‌زیرانی ئه‌و وڵاته له میانی سه‌ردانی بۆ ئوردن پێداگریی وڵاته‌كه‌ی بۆ داننان به ده‌وڵه‌تی فه‌ڵه‌ستین دووپات كردووه‌ته‌وه.
ئه‌مڕۆ (سێشه‌ممه 2ـی نیسانی 2024) میدیاكانی ئیسپانیا بڵاویان كرده‌وه، پیدرۆ سانشێز، سه‌رۆكوه‌زیرانی ئیسپانیا كه به سه‌ردانێكی فه‌رمی له عه‌ممانی پایته‌ختی ئوردنه، پێداگریی وڵاته‌كه‌ی بۆ داننان به ده‌وڵه‌تی فه‌ڵه‌ستین له مانگی ته‌ممووزی ئه‌م ساڵدا، دووپات كردووه‌ته‌وه.
ڕۆژی 22ـی ئاداری 2024، هه‌ر یه‌ك له ئیسپانیا، ئیرله‌ندا، ماڵتا و سلۆڤینیا له ڕاگه‌یه‌ندراوێكی هاوبه‌شدا له په‌راوێزی لووتكه‌ی سه‌ركرده‌كانی یه‌كێتیی ئه‌وروپا له برۆكسل، ڕایانگه‌یاند، ئاماده‌ن بۆ داننان به ده‌وڵه‌تی فه‌ڵه‌ستین.
ڕۆژی چوارشه‌ممه 15ـی تشرینی دووه‌می 2023، پیدرۆ سانشێز، داوای كرد سنوورێك بۆ "كوشتنی كوێرانه‌ی فه‌ڵه‌ستینییه‌كان" له غه‌ززه دابنرێت، هاوكات هه‌ڵوێستی خۆی خسته پاڵ هه‌ڵوێستی ئیسرائیل بۆ "وه‌ڵامدانه‌وه‌ی هێرشی تیرۆریستی حه‌ماس".
سه‌رۆكوه‌زیرانی ئیسپانیا له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا ڕایگه‌یاندووه، هه‌وڵه‌كانی له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆی ئیسپانیا و ئه‌وروپا چڕ ده‌كاته‌وه له‌پێناو داننان به ده‌وڵه‌تی فه‌ڵه‌ستیندا.
پێشتریش په‌رله‌مانی ئیسپانیا له 2014ـدا داوای كرد دان به سه‌ربه‌خۆیی فه‌ڵه‌ستین و ده‌وڵه‌تی فه‌ڵه‌ستین بنرێت و هه‌ریه‌ك له ئیسرائیلییه‌كان و فه‌ڵه‌ستینییه‌كان ببنه خاوه‌نی ده‌وڵه‌تی خۆیان.