ڕووداوێکی هاتووچۆ لە بەسرە مردنی ژمارەیەک منداڵی لێ دەکەوێتەوە

K24 – هەولێر:
لە ئەنجامی ڕووداوێکی هاتووچۆ کە بارهەڵگرێک زیاتر لە 20 منداڵ دەشێلێت و هەموویان قوتابیین و لەو کاتەدا لە قوتابخانە دەگەڕانەوە، بەلایەنی کەمەوە شەش منداڵ مردن.
ڕۆژی سێشەممە (2ـی نیسانی 2024) وەزارەتی تەندروستیی عێراق ڕایگەیاند، بەهۆی ڕووداوێکی هاتووچۆ لە ناوچەی هارسەی پارێزگای بەسرە، شەش منداڵ مردوون و ژمارەیەک منداڵی دیکەش برینداربوون کە برینی بەشێکیان سەختە.
لەلایەن خۆیەوە، ئەسعەد عیدانی، پارێزگای بەسرە سێ ڕۆژ ماتەمینی گشتیی لە پارێزگاکە ڕاگەیاند بۆ ڕێزگرتن لە گیانی ئەو قوتابییانەی قوتابخانەی زەینەبی سەرەتایی لە قەزای هارسە، کە لە ڕووداوەکەدا مردوون.
هاوکات، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاند، پۆلیسی پارێزگای بەسرە شۆفێری بارهەڵگرەکەی دەستگیرکردووە و بە گوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکانیش، شۆفێرەکە دانی بەوەدا ناوە کە کۆنترۆڵی بارهەڵگرەکەی لەدەست داوە بەهۆی لەکارکەوتنی سکلێتەرەکانی.
هەروەها وەزارەتی پەروەردەی عێراق بۆ مردنی ژمارەیەک قوتابی لە پارێزگای بەسرە، ماتەمینی گشتیی لە سەرجەم دامەزراوە پەروەردەییەکانی سەر بە وەزارەتەکەی ڕاگەیاند.
دوای ڕووداوەکەش، محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پەیوەندی بە پارێزگاری بەسرەوە کرد و داوای کرد هەرچی زوو لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە بکرێت و چارەی پێویستیش بۆ بریندارەکان دابین بکرێت.