بوومەلەرزەیەک بە پلەی 7,4 ڕێختەر تایوانی هەژاند

بوومەلەرزە لە تایوان - وێنە: AFP
بوومەلەرزە لە تایوان - وێنە: AFP

K24 – هەولێر

بوومەلەرزەیەک بە پلەی 7,4 ڕێختەر کەناراوەکانی تایوانی هەژاند و لە سەرتاسەری تایوان و وڵاتانی دراوسێی هەستی پێکراوە و زۆربەی وڵاتەکانی خستووەتە ئامادەباشی.

ناوەندی بوومەلەرزەزانی تایوان (وو شین فو) بڵاویکردووەتەوە، بوومەلەرزەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە (3ی نیسانی 2024) بەهێزترین بوومەلەرزەیە لە 25 ساڵی ڕابردوودا دوای ئەو بوومەلەرزەیەی ساڵی 1999 بە پلەی 7,6 پلەی ڕێختەر تایوانی هەژاند و بەهۆیەوە 2400 کەس مردن.

ئاماژەشیداوە، چەقی بوومەلەرزەکە لە دووری 18 کیلۆمەتری شاری هوالین بووە، بەڵام بە هێزییەکەی لە سەرتاسەری تایوان و وڵاتانی دراوسێ و تەواوی دوورگەکەی هەستی پێکراوە.

بوومەلەرزەی 7,4 پلەی ڕێختەر لە شاری هوالین - تایوان
بوومەلەرزەی 7,4 پلەی ڕێختەر لە شاری هوالین - تایوان

لەبارەی زیانەکانەوە، وەزارەتی بەرگری تایوان ڕایگەیاندووە، بە گوێرەی زیانە سەرەتاییەکان دوو باڵەخانە رووخاون و ژمارەیەک باڵەخانەی دیکەش لە هوالین زیانیان پێگەیشتووە و هێزەکانیان بۆ ڕزگارکردنی خەڵکی ڕەوانەی چەند ناوچەیەک کردووە، هاوکات وەک ئامادەکارییەک بۆ کەمکردنەوەی زیانەکانی پاشلەرزە تەواوی ناوەندەکانی خوێندن و فەرمانگەکانیان داخستووە.

هەروەها ئاژانسەکانی رۆیتەرز و فرانس پرێس بڵاویانکردووەتەوە، لە شاری هوالین ژمارەیەک زۆری خەڵک لە ماڵەکانیان گیریانخواردووە و بەگوێرەی ئامارە سەرەتاییەکان زیاتر لە 50 کەس برینداربوون.

لەلایەکی دیکەوە ناوەدنی هۆشداریی پێشوەختە لە ڕوودانی سۆنامی لە زەریای هێمن ڕایگەیاندووە، مەترسیی بەرزبوونەوەی شەپۆلەکانی زەریا و دەریاکان هەیە بە هۆی ئەو بوومەلەرزە بە هێزەی کەناراوەکانی تایوانی هەژاندووە، بەڵام ناوەندی بوومەلەرزەزانی فلپین رایگەیاندووە، دوای کۆکردنەوەی ڕاپۆرتی ناوەندەکانی چاودێری دەریایی، ئاستی دەریا و زەریاکان ئاسایی بوونەتەوە و مەترسیی ڕوودانی سۆنامی نەماوە.

هەروەها دەستەی ڕووپێوی جیۆلۆجی ئەمەریکی بوومەلەرزەکەی بە 7,4 پلەی ڕێختەر دیاریکردووە و بەهۆی بە هێزییەکەیەوە هۆشداری بە ژپۆن، فلپین و تایوان داوە لە ئەگەری روودانی سۆنامی، دوای چەند کاتژمێرێک حکوومەتی ژاپۆن ئاستی هۆشدارییەکانی کەم کردوە، بەڵام حکوومەتی ژاپۆن وەک ئامادەکارییەک لە ترسی ڕوودانی سۆنامی تەواوی گەشتەکانی لە فڕۆکەخانەی ناهای دوورگەی ئۆکیناوا ڕاگرت.