لە وان و بەدلیس تا 15 ڕۆژ هەموو جۆرە چالاکییەک قەدەغە کرا

K24 – هەولێر
پارێزگاری وان بڕیاریدا لە ئەمڕۆ چوارشەممەوە تا وەکوو 15 ڕۆژ هەموو خۆپیشاندان و گردبوونەوە و چالاکییەکیی دیکە لە سنووری پارێزگاکە قەدەغەیە.
دوای ڕەتکردنەوەی سەرکەوتنی عەبدوڵڵا زەیدان، کاندیدای دەم پارتی لە هەڵبژاردنی سەرۆک شارەوانی وان و دانانی عەبدولحەت ئارڤاس کاندیدای پاکپارتی لە شوێنەکەی، ناڕەزاییەتی زۆری لێکەوتەوە و بۆ ئەوەی رێگری لە خۆپیشاندانی جەماوەری بکرێت، پارێزگاری وان بڕیاریدا بۆ 15 ڕۆژ هەموو چالاکییەک قەدەغە بکرێت، بڕیارە لە 3 تا وەکوو 17ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت و ڕێگری لە دەرچوون و چوونە نێو شاری وانیش دەگرێتەوە، ئەمەش کاتێکدایە هاوسەرۆکانی دەم پارتی لە شەوی ڕابردووەوە گەیشتوونەتە وان و بڕیارە ئەمڕۆ کۆبوونەوەی ئاسایی پارتەکەیان لەو شارە ببەستن.
هەروەها بڕیارە ئەمڕۆ لەیلا زانا خانمە سیاسەتمەداری کورد و پەرلەمانتاری پێشووتری تورکیا و شاندێکی پەرلەمانتارانی جەهەپە بە جیا بۆ پشتیوانیکردن لە عەبدوڵڵا زەیدان کاندیدای سەرکەوتووی دەم پارتی بچنە وان.
بە گوێرەی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا و باکووری کوردستان، عەبدوڵڵا زەیدان بە ڕێژەی %55 دەنگەکان یەکەم سەرکەوتووی بازنەی پارێزگای وان بووە.
هەر بۆ ڕێگری لە خۆپیشاندان و گردبوونەوەی جەماوەریی و ناڕەزایی دەربڕین پارێزگاری بەدلیسی باکووری کوردستانیش هەمان بڕیاری دەکردووە و قەدەغەی هەموو چالاکییەکی داوە، بەڵام لە ناوچەی بەرواری بەدلیس بڕیارەکە توندترە و قەدەغەی گشتیی ڕاگەیاندراوە و هیچ هاووڵاتییەک بۆی نییە لە ماڵەکەی دەربچێت.
لەلایەن خۆیەوە عەلی یرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا ڕایگەیاندووە، 89 کەسیان لە خۆپیشاندانەکان دەستگیرکردووە و بە پشێوی نانەوە و شێواندنی ئاسایشی تورکیا تۆمەتباری کردوون.
هەروەها هاووڵاتییان لە شارەکانی باتمان، گەڤەر، جۆلەمێرگ، شرنەخ، مێردین، دیاربەكر، سێرت، فارقین، ئیزمیر، مانیسا و ئیستەمبۆل دژی دوورخستنەوەی عەبدوڵڵا زەیدان کاندیدای دەرچوو خۆپیشاندانیان کرد.
یەکشەممە (31ی ئاداری 2024) هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە باکووری کوردستان و تورکیا بەڕێوەچوو کە 34 پارتی سیاسیی ڕکابەرییان لە سەر سەرۆکایەتیی 81 شارەوانیی شارەکان کرد.
لە هەڵبژاردنەکەدا زیاتر 61 ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەبوو، بە گوێرەی راگەیاندنی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا 100% دەنگەکان جیاکراوەتەوە، بەڵام ئەوەی راگەیەندراوە تا وەکوو ئێستا تەنیا ئەنجامی بەراییە و بڕیارە دوای یەکلاییکردنەوەی سکاڵاکانی سەر پرۆسەکە، ئەنجامی کۆتایی رابگەیەنرێت.