زیرەک کەمال: بۆ زیاتر فشار خستنە سەر عێراق پێویستە سیاسەت و هەڵوێستەکان یەکخرێن

K24 - هەولێر

زیرەک کەمال نووسەر و چاودێری سیاسیی کورد دەڵێ: جگە لە بەشێکی بچووکی عێراق نوێ کە هیچ کاریگەرییەکیان بە سەر دەسەڵاتەوە نییە، ئەگەرنا زۆرینەی عێراقی ئێستا هەر بە ئایدۆلۆژیای سیاسیی و مەزهەبی خۆیان بیر دەکەنەوە، هەرێمی کوردستان قەوارەیەکە و دەبێت دژایەتی بکرێت، بۆیە باشتروایە بۆ زیاتر فشار خستنە سەر عێراق لەلایەنی نێودەوڵەتی، سەرکردایەتی سیاسیی هەڵوێستەکانیان یەک بخەن.

گوتیشی: عێراقی ئیستا و چینی دەسەڵاتدار کە شیعەکانن دەبێت لەو ڕاستییە تێبگەن کە هەموو ئەو ڕژێمە یەک لە دوا یەکانەی بە ئاگرو ئاسن دژایەتی کوردستانیان کرد و بە جینۆسایدکردنیش نە یانتوانی گەلی کورد لە ناوببەن، ئێستاش عێراق بەبێ هەرێمی کوردستان و هەرێمێکی سەقامگیر، ناتوانێت وڵاتێکی دەستووریی و دیموکراسی بێت، بۆیە سەپاندنی هەر سزایەک لەلایەن عێراقەوە بۆ سەر هەرێمی کوردستان پیادە دەکەن، دواجار کاریگەری لە سەر ڕێڕەوی عێراق نوێ دەبێت، چونکە بەبێ هەرێمی کوردستان ناتوانن عێراقێکی ئارام و دیموکراسی بنیات بنێن.

ئاماژەشیدا، لە دوای شەڕی ئازادی عێراق و بە تایبەت لە دوای نووسیونەوەی دوستوور، ئەو کاتە عێراقی نوێ لە سەر بنەمای ناوەڕۆکەوە دەستوورەکەی لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی نێودەڵەتیی پێشوازی لێکرا، خاڵێکی گرنگی دەستوورەکەش ئەوە بووە کە هەرێمی کوردستان لە دەستووردا وەک هەرێمێکی دابپێداندراو جێگیرکراوە، بۆیە هەر دژایەتییەکی هەرێمی کوردستان لەلایەن هێزە عێراقییەکانەوە کاردانەوەی خراپی بۆ عێراق دەبێت.

زیرەک کەمال دەڵێت: عێراقی دەستووری بە شیعە و سوننەکانیشەوە لە فیدراڵییەتی هەرێمی کوردستان و جێگیرکردنی مافەکان لە دەستوور پەشیمان بوونەتەوە و سەرکردایەتی سیاسیی کوردستانیش دەبێت ئەوە باش بزانن، چونکە چەندین جار لە کۆڕ و کۆبوونەوەکان نکۆڵیان نەکردووە کە بە ناچاری ئەو دەستوورەیان نووسوەتەوە و قەبوڵیان کردووە. بۆیە ئەگەر هەڵوێستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەر لە چوارچێوەی ئیدانەکردنی بێ کردار بمێنێتەوە، بێگومان عێراق زیاتر دەتوانیت کۆمەڵگەی هەرێمی کوردستان بە پرسە بچووکەکان و مووچەوە سەرقاڵ بکات و لە مافە سەرەکییەکانیش زیاتر دووری بخاتەوە.

ڕاشیگەیاند، پێویستە سەرکردایەتی سیاسیی هەڵوێستێکی کاریگەرتریان لە ئاستی نێودەوڵەتی هەبیت بۆ ئەوەی فشارەکان لە سەر عێراق کاریگەر زیاتر بێت، بۆ ئەمەش دەبێت سەرەتا هەڵوێست و گوتاری ناوخۆیی یەکبخرێت و چیتر ئەم پەرتەوازەیی نەبێت.

Fly Erbil Advertisment