پارێزگاری دهۆک سوپاسی خاوەنی کۆمپانیای "کاڤین گرووپ" دەکات

K24 - هەولێر
بەبۆنەی پێشکەشکردنی زیاتر لە 400 ملیۆن دینار بۆ زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی چەند رۆژی رابردوو؛ پارێزگاری دهۆک سوپاسی خاوەنی کۆمپانیای "کاڤین گرووپ" دەکات.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 03-04-2024، زکری بەشیر، خاوەنی کۆمپانیای "کاڤین گرووپ" سەردانی د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆکی کرد و، بڕی 400 ملیۆن دیناری وەک هاوکاری پێشکەشی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی چەند رۆژی رابردووی شارەکە کرد.
پارێزگاری دهۆک بە ناوی خەڵکی شارەکەوە سوپاسی خاوەنی کۆمپانیای "کاڤین گرووپ" و هەموو ئەو کەسانە کرد کە لە ماوەی رابردوو بە شێوەی جۆراوجۆر هاوکاریی مرۆیی و ماددییان پێشکەشی زیانلێکەوتووانی لافاوەکە کردووە.
ئەمە لە کاتێکدایە دوێنێ سێشەممەش، 02-04-2024، زیاتر لە یەک ملیار و 352 ملیۆن دینار کە لە ئەنجامی کەمپەینێکی ژمارەیەک وەبەرهێنەری هەولێر و سلێمانی کۆکرابووەوە، لەلایەن د. محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕادەستی پارێزگاری دهۆکی کرا بە مەبەستی هاوکاریی زیانلێکەوتووانی لافاوەکە.
رۆژی سێشەممە، 19-03-2024، لە ئەنجامی بارانێکی بەخوڕ، لافاو لە چەند گەڕەکێکی شاری دهۆک هەڵسا. کاریگەریی لافاوەکە زیاتر لەسەر گەڕەکەکانی هشکەڕوو، نەزارکێ و بەڕووشکێ بوو. هەمان رۆژ، لافاو دوو هاووڵاتی لەگەڵ خۆی برد و کەسێکی دیکەش بە هۆی تەزووی کارەباوە گیانی. لەدەستدا. هەروەها زیاتر لە هەزار خانوو و ئۆتۆمبێل زیانیان پێگەیشت.
لەسەر فەرمانی سەرۆک بارزانی و دوای کەمتر لە 48 کاتژمێر بەسەر هەڵسانی لافاوەکە، لە قۆناغی یەکەمدا و لە رێوڕەسمێکدا؛ کلیلی 117 یەکەی نیشتەجێبوون (شوقە) بە خاوەنی 117 خاوەنخانووی ئەو گەڕەکانی دهۆک درا کە بەهۆی لافاوەکەوە زیانی زۆر بە خانووەکانیان گەیشتبوو و جێگەی مانەوەیان نەمابوو. پڕۆسەکە بەردەوامە و بڕیارە قۆناغ بە قۆناغ تا پێش جەژنی رەمەزان، قەرەبووی هەموو زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی دهۆک بکرێتەوە.
هەر دوای هەڵسانی لافاوەکە، لەسەر فەرمانی سەرۆک بارزانی؛ مەنسور بارزانی، فەرماندەی لەشکەری گوڵان و تایبەتیی یەک، بە هاوڕێیەتی سەدان پێشمەرگە بۆ ماوەی چەند رۆژێکە لە دهۆکە و لەگەڵ چین و توێژەکانی شارەکە سەرقاڵی پاککردنەوەی شارەکەیە لە پاشماوەکانی لافاوەکە.
لەبارەی ئەوەی حکومەتی عێراقیش هیچ هاوکارییەکی زیانلێکەوتووانی کردووە یان نا، د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رەتیکردەوە حکوومەتی عێراق "یەک دیناریشی پێشکەشی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی دهۆک و دەوروبەری کردبێت" و، گوتی: "تەنانەت سەرەخۆشییان لە ئێمە نەکردووە".