تا دێت دۆخی کریستییانەکانی عێراق خراپتر دەبێت
K24 - هەولێر
کریستییانەکانی عێراق لە ڕابردوودا تووشی کۆمەڵێک نەهامەتی، ڕاگواستن و هەڕەشەی جیاواز بوونەتەوە. ژمارەی کریستییانەکان لە عێراق، ساڵ بە ساڵ کەم دەکات و ئەوانەی ماونەتەوە هەست بە ئارامیی ناکەن و بەشێکی زۆریان بەرەو هەرێمی کوردستان کۆچ دەکەن.
کریستیانەکانی عێراق لە ڕابردوودا تووشی کۆمەڵێک نەهامەتی و ڕاگواستن و هەڕەشەی جیاواز بوونهتهوه، لە دوو دەیەی ڕابردووی عێراقیشدا کریستیانەکان بە گوشاری جیاوازی سیاسی دەرپەڕێنراون و بەشێکیان بەرەو هەرێمی کوردستان کۆچیان کردووە و تێیدا گیرساونەتەوە و بەشێکیشیان ڕوویان لە دەرەوەی وڵات کردووە، ستەملێکردن، شەڕی تایفی، ناسەقامگیری پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق و کەمیی خزمەتگوزاری هۆکاری سەرەکی کۆچی کریستیانەکان بووە لە عێراقدا.
لە لێدوانێکیدا بۆ ماڵپەڕی دەنگی ئەمەریکا، نادین ماینزا، سەرۆکی ڕێکخراوی ئازادی ئاینی نێودەوڵەتی رایگەیاند، کریستیانەکانی عێراق لە ژێر فشار و دڕندەیی میلیشیاکانی سەر بە ئێراندان و بە دۆخێکی ناهەمواردا تێدەپەڕن. ئاماژەی بەوەش داوە، کریستیانەکانی عێراق لە دۆخێکی دوژمنکارانەدان، ئەوەش هۆکارێک بووە بۆ ئەوەی کاردیناڵ لویس ساکۆ پاتریارکی کلدانە کاسۆلیکەکانی عێراق بەغدا بەجێبهێڵێت و روو لە هەولێر بکات.
لە درێژەی لێدوانەکەیدا، ماینزا ئاشکرای دەکات، حکوومەتەکەی سوودانی لەژێر کاریگەری راستەوخۆی میلیشیاکاندایە و ئەمەش کریستیانەکانی تووشی دوودڵی و بێ متمانەیی کردووە. دەشڵێت، حکوومەت و دەسەڵاتە باڵاکانی عێراق چەندین بڕیاری دوژمنکارانەیان دژ بە کریستیان و پێکهاتەکانی دیکە داوە و ئەوان پێکهاتە کەمینەکان دەکەنە قوربانی ململانێ و مەرامە سیاسییەکانیان.
ماینزا باس لەوەش دەکات، لە پێش ساڵانی 2003 ژمارەی کریستیانەکانی عێراق ملیۆنێک و 500 هەزار کەس بوون، بەڵام بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزی و ململانێ سیاسییەکانەوە ئەو ژمارەیە بۆ 150 هەزار کریستیان کەم بووەتەوە.
